زانکۆی رۆژئاوای ئوسترالیا: خۆراکی منداڵ هەمەڕەنگ بێت

رووداو - تەندروستی 

بەگوێرەی توێژینەوەیەکی زانکۆی رۆژئاوای ئوسترالیا، هەمەڕەنگیی جۆری خۆراک لەنێو منداڵ و مێردمنداڵاندا هۆکارێکە بۆ باشتربوونی گەشە و تەندروستیی منداڵ.
 
پسپۆڕانی زانکۆکە رایدەگەیێنن، هەر لەسەرەتای تەمەنیانەوە منداڵان رابهێندرێن خۆراکی هەمەچەشن بخۆن و رۆژانە جۆری خۆراکەکانیان دیاریکراو نەبێت، تاوەکو تواناکانی ئێسک، ماسوولکەکان و مێشکیان گەشەی پێویست بکەن.
 
بە گوێرەی پسپۆڕانی زانکۆی ئیمۆری و هێنری لە ئەمریکا، هەڵبژاردنی خۆراکی پڕ لە شەکر و چەوریی زیانبەخش لەداهاتوودا منداڵان تووشی چەندین نەخۆشیی درێژخایێن دەکات وەکو 'قەڵەوی، نەخۆشییەکانی دڵ، کلۆریی ددان و جۆری دووەمی نەخۆشیی شەکرە'.
 
بە گوێرەی دامەزراوەی دڵی ئەمریکی، منداڵانی خوار 10 ساڵان نابێت رۆژانە 25 گرام کە دەکاتە شەش کەوچکی چا شەکر بەکاربهێنن، تەنانەت پێشنیازیش دەکات، منداڵانی خوار دوو ساڵان هیچ بڕێکی شەکریان نەدرێتێ.
 
بەپێی چەند توێژینەوەیەک، ئەمانەی خوارەوە ئەو هۆکارانەن کە وا لە منداڵان دەکات ئارەزوویان بۆ خواردنی شەکر زیادبێت؛
 
1- تامی شەکر؛ کە شیرینە و ئارەزووی زیاتر دەبەخشێت بە منداڵ بەراورد بە تامی جیاوازی خۆراکی دیکە.
 
2- کەمخەوی؛ خەوی تەندروست یارمەتیی گەشەی منداڵ و رێکخستنی هۆرمۆنەکانی دەدات، لە کاتی کەمخەوی مێشک تووشی کەمیی وزە دەبێت، بۆیە ئەو منداڵانەی کەمخەون زیاتر پەنا دەبەنە بەر شیرینی بۆ بەدەستهێنانی وزە.
 
3- کەمخواردنەوەی ئاو؛ دەبێتەهۆی کەمیی وزە لە جەستەدا، کە وادەکات پەنا ببرێتە بەر شیرینی بۆ دابینکردنی وزە.
 
4- کەمیی ڤیتامین و کانزا سوودبەخشەکان؛ کاتێک خۆراکی منداڵ دەوڵەمەند نەبێت بە ڤیتامین D، کالسیۆم، مەگنسیۆم، ئاسن و زینک ئەوا پەنا دەبرێتە بەر شەکر بۆ دابینکردنی وزە.
 
5- رازاندنەوە و رێکلامی شیرینییەکان؛ بەشێکی زۆری ئەو بەرهەمانەی شەکریان تێدایە بە شێوەی جیاواز دەڕازێندرێنەوە تاوەکو سەرنجی منداڵان بۆ خۆیان رابکێشن.
 
پسپۆڕانی ناوەندی کلیڤلاندی ئەمریکی رێنوێنیی دایک و باوکان دەکەن کە زانیاری بدەنە منداڵەکانیان لەبارەی  جۆرە جیاوازەکانی خۆراک، هەروەها دڵنیاببنەوە لە بڕی شەکر لەو خۆراکانەی لە مارکێتەکان دەیکڕن، تەنانەت ئەوەش باسدەکەن کە دایک و باوک پێویستە خۆیان کۆنتڕۆڵی خواردنی شەکر بکەن، تاوەکو منداڵەکانیان چاویان لێ بکەن.