توێژینەوەیەک لە کۆریا: تووشبووانی رۆماتیزم ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشیی لەرزۆکی زیاترە

رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەکی فراوان لە کۆریای باشوور دەریدەخات، تووشبووانی نەخۆشیی هەوکردنی جومگەی رۆماتیزم ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشیی لەرزۆکی ''پارکینسۆن'' زیاترە.
 
توێژەرانی زانکۆی کۆسین لە کۆریای باشوور رایدەگەیێنن، تووشبووانی نەخۆشیی هەوکردنی جومگەی رۆماتیزمی 1.75 ئەوەندە مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشیی پارکینسۆن زیاترە. توێژینەوەکە لە گۆڤاری JAMAـی پزیشکی بڵاوکراوەتەوە و 320 هەزار کەس بەشدارییان تێداکردووە و دەرکەوتووە، ئەوانەی تووشی لەرزۆکی بوون زۆرترینیان ئەوانەبوون کە هەوکردنی جومگەی رۆماتیزمیان هەبووە.
 
دکتۆر جیهونگ کانگ، یەکێک لە سەرپەرشتیارانی توێژینەوەکە دەڵێت: ''نەخۆشیی رۆماتیزم بۆماوەییە و پەیوەندیی بە ناڕێکیی سیستمی بەرگریی جەستەوە هەیە، بەڵام 10٪ـی هۆکاری نەخۆشیی پارکینسۆن دەگەڕێتەوە بۆ ناڕێکیی بۆماوەیی.''
 
ئەنجامەکانی توێژینەوەکە ئەنجامی توێژینەوەیەکی دیکەی سوێدی پشتڕاست دەکاتەوە کە دەریخستووە، ئەو کەسانەی نەخۆشیی هەوکردنی جومگەکانیان هەیە 30٪ مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشیی لەرزۆکی (پارکینسۆن) هەیە. 
 
بە گوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵکردن و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا، رۆماتیزم نەخۆشییەکی بەرگریی دژەخۆییە 'ناڕێکیی بەرگریی جەستە' و هۆکارەکەی دیاری نەکراوە، هەروەها ناوەندەکە رێنوێنیی هاووڵاتییان دەکات 'دوورکەوتنەوە لە جگەرە و نێرگەلە، کێشڕێکی، خواردنی خۆراکی تەندروست و چالاکیی جەستەیی' بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکە جێبەجێبکەن.