ڤاکسینێکی نوێی کۆلێرا بەرهەمدەهێنرێت

رووداو - تەندروستی

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رادەگەیێنێت، ڤاکسینێکی نوێی کۆلێرا کە لە رێگەی دەمەوە بەکاردێت بەم نزیکانە بەردەست دەبێت.
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO دەڵێت، ڤاکسینەکە بە ناوی Euvichol-S بەردەستدەبێت، هەمان کاریگەریی ڤاکسینەکانی پێشووتری هەیە، بەڵام بە هاوکێشەیەکی ئاسانتر بەرهەمدەهێنرێت و ئەمەش رێگە خۆشکەرە بۆ زیادکردنی توانای بەرهامهێنانی ڤاکسینەکە لە ماوەیەکی کەمدا.
 
لەم بارەیەوە د. رۆگێرۆ گاسپەر، بەڕێوەبەری بەشی رێکخستن و ئامادەکارییەکان لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، ئەم ڤاکسینە نوێیە دەبێتە سێیەم ڤاکسینی دژ بە کۆلێرا، توانای زۆر بەرهەمهێنانی ڤاکسینەکە هیوابەخشە بەو پێیەی زۆرێک لە وڵاتان جەنگی دژ بە کۆلێرا دەکەن و ڤاکسینەکان خواستێکی زۆریان لەسەرە.
 
بەپێی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO، ڤاکسینەکان خێراترین رێگەن بۆ سنووردارکردن و کۆنتڕۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی کۆلێرا، بەڵام دابینکردنەکان لە نزمترین ئاستدابوون لە نێوان ئەو وڵاتانەی کە رووبەڕووی کەموکوڕیی ترسناک بوونەتەوە لە بوارەکانی دیکەی خۆپاراستن لە کۆلێرا وەکو ئاوی سەلامەت و پاکوخاوێنیی ژینگەی دەوروبەر.
 
دواین ئاماری رێکخراوەکە دەریدەخات، لە ساڵی 2023، زیاتر لە 700 هەزار تووشبوو بە نەخۆشییەکە تۆمارکراون و ئێستا لە 23 وڵات نەخۆشیی کۆلێرا بڵاوە هەر یەکە لە وڵاتانی کۆماری کۆنگۆ، ئەسیوپیا، مۆزەمبیق و زامبیا زۆرترین رێژەی تووشبوون بە نەخۆشییەکەیان تێدا تۆمارکراوە.
 
بەپێی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا، نەخۆشیی کۆلێرا نەخۆشییەکی بەکتریاییە و تووشی کۆئەندامی هەرس دەبێت بەهۆی بەکتریای ناسراو بە 'ڤیبریۆ کۆلێرا'، نیشانەکانی بریتین لە 'سکچوونی تووند، رشانەوە، تینوێتی و ماندووێتی. نەخۆشییەکە لە رێگەی خواردنی خۆراک و ئاوی پیسبوو بە بەکتیریای ڤایبرۆ کۆلێرا دەگوازرێتەوە.