بۆ جەژن بایەخ بەم چەرەسانە بدرێت

رووداو - تەندروستی 

ئاشکرایە چەرەس یەکێکە لەو خۆراکانەی وەکو نەریتێک لە نێوان ژەمەکان بایەخی پێدەدرێت و بە جۆری جیاواز لەبەردەستدان، بەتایبەت بۆ بۆنە و ئاهەنگەکان، هەروەها لەدوای رەمەزان رۆژووەوانان بۆ قەرەبووکردنەوەی بڕە خۆراکییەکانیان پێویستە بایەخ بەو خۆراکانە بدەن کە رێژەیەکی زۆر لە مادە و کانزا سوودبەخشە خۆراکییەکانیان تێدایە.  
 
بە گوێرەی توێژینەوەیەکی زانکۆی هارڤاردی ئەمریکی، چەرەسەکان بە گشتی کێشڕێکی دەبەخشن و یارمەتیدەرن لە رێکخستنی چەوری و شەکری خوێن، تەنانەت توێژەران رایدەگەیێنن، ئەگەر رۆژانە تەنیا 28 گرامیان لێبخورێت کە دەکاتە نزیکەی 15 دەنک، ئەوا رۆڵی کاریگەر دەبینن لە پاراستنی تەندروستیی دڵ و لوولەکانی خوێن.
 
پزیشکانی کۆمەڵەی خۆراکی ئەمریکی رایدەگەیێنن، چەرەسەکان سەرچاوەی دەوڵەمەندی چەورییە ناتێرەکانن، هەروەها پرۆتین، کانزاکان، ڤیتامینەکان و دژە ئۆکسێنەکانیان تێدایە کە تەندروستیی جەستە دەپارێزن. 
 
لێرەدا باشترین ئەو چەرەسانە دەخەینەڕوو کە پێویستە بایەخیان پێبدرێت
 
1- فستق
بە گوێرەی ناوەندی مایۆکلینیکی پزیشکی لە ئەمریکا، فستق یارمەتیدەرێکی باشە بۆ دابەزاندنی کێش، بەجۆرێک یارمەتیی گۆڕینی خۆراک دەدات بۆ وزە و بەخێرایی هەستی تێربوون دەبەخشێت، هەروەها دەوڵەمەندە بە ڤیتامین بی کە هۆرمۆنەکانی خانمان رێکدەخات و توانای سێکسی لە پیاواندا زیاددەکات، هاوکات یارمەتیدەرە لە کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و شێرپەنجە.
 
 
2- بادەم 
زۆر توێژینەوەی جۆراوجۆر سوودەکانی بادەم پشتڕاستدەکەنەوە بۆ دابەزینی کێشی جەستە و ئاستی کۆلیستڕۆڵی خوێن، هەروەها جگە لە پڕۆتین و ریشاڵەکان بادەم دەوڵەمەندە بە چەورییە ناتێرەکانیش و یارمەتیدەرێکی چالاکە بۆ کەمکردنەوەی هەوکردنەکانی جەستە. 
 
3- عەلی بابا 
ناوەندی خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا دەریدەخات، عەلی بابا پڕۆتین، نیاسین و فۆڵەیتی تێدایە و دەوڵەمەندە بە ریشاڵەکان، ئاسن، پۆتاسیۆم، زینك، ڤیتامین B2، ڤیتامین E و ڤیتامین B.
 
هاوکات ناوەندەکە روونی دەکاتەوە، عەلی بابا سووڕی خوێن چالاکدەکات و پێست دەدرەوشێنێتەوە.
 
4- بوندوق 
ئەم جۆرە چەرەسە یارمەتیدەرێکی باشە لە کەمکردنەوەی هەوکردن و چەوریی کۆلیستڕۆڵی خوێن، هەروەها دەوڵەمەندە بە ڤیتامین E.
 
ناوەندی کلیڤلاندی پزیشکی لە ئەمریکا دەریدەخات، بوندوق دەشێت پەستانی خوێن کەمبکاتەوە و ئەگەر رۆژانە 15 دانە لێبخورێت ئەوا یارمەتیی کێش دابەزاندن دەدات. 
 
 
5- گازۆ 
گازۆ یەکێکە لەو چەرەسانەی کە سوودی تەندروستیی جۆراوجۆری هەیە، بەجۆرێک دەزگای FDA رایدەگەیێنێت، گازۆ تەندروستیی پێست دەپارێزێت و دەوڵەمەندە بە ریشاڵ و فۆلیک ئەسید، هاوکات چەوریی خوێن کەمدەکاتەوە و تەندروستیی دڵ دەپارێزێت. 
 
6- گوێز
دامەزراوی خۆراک لە ئەمریکا ئاشکرای دەکات، گوێز یەکێکە لەو خۆراکەی کە دەوڵەمەندە بە چەورییە ناتێرەکان، بەجۆرێک رێژەیەکی زۆر لە ئۆمێگا سێی تێدایە، هەروەها پسپۆڕێکی خۆراکی ئەمریکی پێشنیازدەکات، پێش خەوتن بایەخ بە خواردنی گوێز بدرێت، چونکە هانی دەردانی بڕێکی زۆر لە هۆرمۆنی میلاتۆنین دەدات.
 
بە گوێرەی دامەزراوەکە، گوێز مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی مێشک کەمدەکاتەوە و دەوڵەمەندە بە مادەی زینک، كالیسیۆم، ئاسن و ڤیتامین B6.
 
پسپۆڕێکی خۆراک لە کەنەدا دەڵێت: هەرچەندە زۆرینەی چەرەسەکان دەوڵەمەندن بە مادە خۆراکییە جیاوازەکان، بەڵام پێویستە خواردنی چەرەس بە شێوەیەکی سنوورداربێت، بەجۆرێک رۆژانە بڕێکی دیاریکراویان لێ بخورێت و کاریگەری لەسەر ژەمە خۆراکییە سەرەکییەکان نەکات.