پسپۆڕێکی ژینگە: پاڵاوگە نایاساییەکان فیلتەر بەکارناهێنن، بۆیە هەوا پیسدەکەن
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی ژینگە و پیسبوونی هەوا ئاشکرای دەکات، ئەو دووکەڵە رەشەی لەسەر بەرگەهەوای هەولێر دەبیندرێت تەنۆلکە مەترسیدارەکانی تێدایە کە سەرچاوەکەی لە پاڵاوگە نایاساییەکان و دووکەڵی موەلیدەکانەوە دێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ـی کانوونی یەکەمی 2024 مەسعوود حوسێن، پسپۆڕی ژینگە و پیسبوونی هەوا بە رووداوی راگەیاند، دانانی فیلتەر بۆ پاڵاوگەکان و گۆڕینی شوێنەکانیان چارەسەرێکی کاریگەرە بۆ کەمبوونەوەی پیسبوونی هەوا.
پسپۆڕەکە ئامێرێکی بەدەستەوەیە و هێناویەتییە نێو ستۆدیۆ، ئەوە دەڵێت کە بەو ئامێرە لەسەر شەقامی 120 مەتری- رێگەی مەخموور پێوانەی پیسیی هەوای کردووە و چوارئەوەندە لە ئاستی ستاندارد پیستر بووە.
بەگوێرەی رووپێوییەکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە حەوت هەزار موەلیدەی ئەهلی هەن.