زانکۆی ئۆهایۆ لە ئەمریکا: پێستکاڵەکان ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجەی پێست زۆرە

رووداو - تەندروستی

پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری لە زانکۆی ئۆهایۆ دەڵێت، شێرپەنجەی پێست یەکێکە لە بەربڵاوترین جۆرەکانی شێرپەنجە و بەرکەوتن بە تیشکی خۆر و تیشكی سەر و بنەوشەییی هۆکارێكی ئەم شێرپەنجەیە. 
 
د. سوسان ماسیک، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری لە زانکۆی ئۆهایۆ دەڵێت: ''شێرپەنجەی پێست باوترین جۆری شێرپەنجەیە لە ئەمریکا، هۆکارەکەشی پەیوەندی بە بەرکەوتنی خۆرەوە هەیە''.
 
میلانۆما سێیەم جۆری شێرپەنجەی پێستە لە ئەمریکا، میلانۆما دەتوانێت لە هەر شوێنێکی پێست رووبدات، لەسەر دەم و چاو، لێو، گوێ، پەنجەکانی دەست و قاچەکان. هۆکارە سەرەکییەکانی مەترسی بۆ میلانۆما بریتین لە بەرکەوتنی تیشکی سەروو بنەوشەیی، بەتایبەت ئەوانەی لە منداڵیدا زۆر تووشی سووتانی پێست بوون و بەرکەوتنی درێژخایێنی خۆریان هەبووە.
 
پسپۆڕەکەی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری لە زانکۆی ئۆهایۆ روونی دەکاتەوە، ئەو کەسانەی کە پێستیان کاڵترە، زۆرتر لە مەترسیی تیشكی خۆرن، بەمەش لەداهاتوودا مەترسیی تووشبوونیان بە شێرپەنجەی پێست زیاتر دەبێت.
 
د. سوسان ماسیک ئاماژە بەوەشدەکات، ''دەبێت ئەوە بزانین ئەو کەسانەی پێستیان کاڵترە ئەگەری تووشبوونیان شێرپەنجەی پێست زیاترە، چونکە زیاتر مەترسیی سووتانی خۆریان لەسەرە، ئەو کەسانەی جۆری پێستیان تۆخە، کەمتر تووشی سووتانی خۆر دەبن و بەمەش کەمتر تووشی شێرپەنجەی پێست دەبن، بەڵام لە پێست تۆخەکان گرفتی درەنگ دەستنیشانکردن و درەنگ چارەسەرکردنمان هەیە''.
 
تەنانەت دەڵێت: ''گرنگ ئەوەیە هەر کەسێک هەر گۆڕانکارییەک لە پێستیدا هەبێت، هەر ئاماژەیەکی گوماناویی هەبێت، پێویستە لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە پشکنینی بۆ بکرێت''.
 
پسپۆڕەکەی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری لە زانکۆی ئۆهایۆ دەشڵێت، باشترە پشکنینی خۆت بکەیت و  هەموو کەسێك رێگە خۆپارێزییەکان بۆ دووربوونی پێستی لە تیشكی خۆر بگرێتەبەر. لەوانەش بەکارهێنانی دژەخۆر، بەکارهێنانی چەتر، بەکارهێنانی جلوبەرگی رەنگ کاڵ و ئاوخواردنەوەی بەردەوام.