CDC: بەکارهێنانی ڤەیپ لەنێو گەنجانی ئەمریکا کەمیکردووە
رووداو - تەندروستی
ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا CDC رایدەگەیێنیت، رێژەی بەکارهێنانی ڤەیپ بۆ نزمترین ئاست بەراورد بە چەند ساڵی رابردوو دابەزیوە.
ناوەندەکە ئاماژە بەوەدەکات، رێژەی بەکارهێنانی ڤەیپ لەنێو گەنجان و فێرخوازان لە ئەمریکا بۆ 8٪ دابەزیووە، لە کاتێکدا ئەم رێژەیە لە ساڵی رابردوو 10٪ بووە.
لاورێنس کیتنەر، بەڕێوەبەری ناوەندی بەکارهێنانی تووتن و تەندروستی لە CDC دەڵێت، ''گەیشتن بە نزمترین ئاستی بەکارهێنانی تووتن لەنێو گەنجان لە ماوەی 25 ساڵی رابردوو، مژدەیەکی دڵخۆشکەرە بۆ تەندروستیی گشتی''.
بە گوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، مەرجەکان بۆ کەمکردنەوەی کێشانی جگەرە و نێرگەلە لە پلانی وڵاتان بریتین لە سنووردارکردنی تەمەنی بەکارهێنانی تووتن، قەدەخەکردنی کڕین و فرۆشتنی ڤەیپ، بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی تەندروستی دژی کێشانی جگەرە و نێرگەلە و سنووردارکردنی هاوردەکردنی تووتن لەلایەن وڵاتانەوە.
بەپێی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا CDC، جێبەجێکردنی مەرجەکانی ئەستەم دەستگەیشتن بە بەرهەمەکانی تووتن، بڵاوکردنەوەی هۆشیاری تەندروستی و سنووردارکردنی هاوردەکردنی تووتن هۆکاری کەمبوونەوەی رێژەی بەکارهێنانی تووتنە لەنێو گەنجان.