کۆمەڵەی نەخۆشییەکانی دڵ لە ئەوروپا: دووکەڵی دەستی دوو دەبێتە هۆی نارێكی لێدانی دڵ

رووداو - تەندروستی

توێژینەوەیەکی کۆمەڵەی نەخۆشییەکانی دڵ لە ئەوروپا دەریدەخات، جگەرەکێشان هۆکارێکی نەخۆشییەکانی دڵ و مردنی پێشوەختەیە، لە هەمان کاتدا دووکەڵی دەستی دوو یاخود بەرکەوتنی دووکەڵ هۆکارێکی جیدی تووشبوونە بە نارێکی لێدانی دڵ.
 
توێژەران لەم توێژینەوەیە بۆیان دەرکەوت، ئەوانەی 2.2 کاژێر لە هەفتەیەکدا بەرکەوتەی دووکەڵی دەستی دوون ئەگەری تووشبوونیان بە نارێکی لێدانی دڵ بە ڕێژەی 6% زیاترە بە بەراورد بەو کەسانەی کە هیچ بەرکەوتنێکیان نییە. 
 
دکتۆر کیونگ یۆن لی، نووسەری توێژینەوەکە دەڵێت: " دووکەڵی دەستی دوو جێگەی ئاماژەیە و مەترسی تووشبوون بە ناڕێکی لێدانی دڵ زیاددەکات، بۆ پاراستنی تەندروستیی گشتی پێویستە جگەرەکیشان قەدەخەبکرێت". 
 
بە گوێرەی ناوەندی پێشگیریکردن و خۆپارێزی لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا، هیچ ئاستێکی سەلامەتی لە بەرکەوتن بە دووکەڵی دەستی دوو نییە، لە ساڵی 1964ەوە نزیکەی دوو ملیۆن و پێنج سەد هەزار کەس بەهۆی بەرکەوتنی دووکەڵی دەستی دووەوە گیانیان لەدەستداوە. 
 
مەترسییەکانی دووکەڵی دەستی دوو لەسەر تەندروستی: 
 
ئەو کەسانەی جگەرە ناکێشن بەڵام بەر دووکەڵی دەستی دوو دەکەون، زۆرێک لە هەمان ئەو ماددانە هەڵدەمژن کە دەبنە هۆی شێرپەنجە.
دووکەڵی دەستی دوو ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی مێشک بە رێژەی 20-30% زیاددەکات.
دووکەڵی دەستی دوو زیان بە ناوپۆشی خوێنبەرەکان دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی چڕکردنەوەی زیاتری پەڕەکانی خوێن ئەمەش مەترسی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ زیاددەکات.
لە ئافرەتی دووگیان بەرکەوتنی دووکەڵی دەستی دوو دەبێتە هۆی لەدایکبوونی پێشوەختە و کەمی کێشی کۆرپەکەی لەکاتی لەدایکبوون.
لە منداڵان بەرکەوتنی دووکەڵی دەستی دوو دەبێتە هۆی هەوکردنی کۆئەندامی هەناسەدان، هەوکردنی گوێچکەکان و تەنگەنەفەسی.  
لە کۆرپەدا دووکەڵی دەستی دوو هۆکارێکی مردنی لەناکاوە.