FDA دەرمانێکی نوێ بۆ شێرپەنجەی سییەکان پەسنددەکات

رووداو - تەندروستی 

لە ئەمریکا دەرمانێکی نوێ بۆ چارەسەرکردنی شێرپەنجەی سییەکان پەسنددەکرێت، دەزگای خۆراک و دەرمانیش دەڵێت، ئەم دەرمانە وەکو کۆتا بژاردە بۆ چارەسەری شێرپەنجەکە بەکاردەهێنرێت. 
 
دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا دەرمانێکی نوێی پەسندکرد بۆ چارەسەرکردنی ئەو نەخۆشانەی کە تووشی شێرپەنجەی سییەکان بوون، دەرمانەکە ناوی 'تارلاتاماب'ـە و تەنیا بۆ ئەو نەخۆشانە بەکاردێت کە هەموو بژاردەکانی دیکەی چارەسەرییەکەیان تەواو کردووە.
 
د. ئانیش تۆماس پسپۆڕی شێرپەنجەی سییەکان لە ئەمریکا دەڵێت، تارلاتاماب رووناکییەکە بۆ ئەم نەخۆشانە و هیواییەکی زۆرمان پێی هەیە.
 
دەزگاکە ئاماژە بەوەدەکات، سەڕەڕای سوودەکانی، دەرمانەکە چەند کاریگەرییەکی لاوەکی وەکو 'خێرای لێدانی دڵ و دابەزینی پەستانی خوێن' هەیە. 
 
پەیمانگەی نیشتمانیی شێرپەنجە رایدەگەیێنێت، شێرپەنجەی سییەکان زۆر خێرا گەشەدەکات و لە شانەکانی سییەکانەوە دروستدەبێت، جگەرەکێشان هۆکاری سەرەکییە بۆ زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەکە، کۆکە، هەناسەتەنگی و ئازاری سینگ باوترین نیشانەی ئەم شێرپەنجەیەن.