بەدواداچوونێکی رووداو؛ لە چین 200 ملیۆن منداڵ و نەوجەوان ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بەکاردەهێنن

رووداو - تەندروستی 

بەرپرسی ئۆفیسی تۆڕی میدیایی رووداو لە چین دەڵێت: لە وڵاتەکە 285 ملیۆن منداڵ و نەوجەوانی خوار 18 ساڵان هەن کە 200 ملیۆنیان بەکارهێنەری ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانن بەتایبەت مۆبایل و ئایپاد.
 
مەهدی فەرەج، بەرپرسی ئۆفیسی تۆڕی میدیایی رووداو لە چین باسی رێکارەکانی کۆنتڕۆڵکردنی شاشەکان لەنێو منداڵانی چین دەکات و رایدەگەیێنێت، لە چین لە رۆژێکدا منداڵێک چوار بۆ پێنج کاژێر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاردەهێنێت.
 
بە گوتەی مەهدی فەرەج، حکومەتی چین لە دۆخەکە ناڕازییە و پێی وایە کە ئەوە ژمارەیەکی زۆرە بۆ بەکارهێنان و خۆخەریککردن بە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانەوە، هەر بۆیە چەند رێکارێکی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەوە دەرکردووە وەکو؛
 
- منداڵی خوار 12 ساڵان ناتوانێت هەژماری ویچات و تیکتۆکی چینی دابنێت.
- منداڵی خوار 16 ساڵان ناتوانێت ڤیدیۆ و راستەوخۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبکاتەوە.
- منداڵی خوار 14 ساڵان لە هەفتەیەکدا دەتوانن تەنیا سێ رۆژ بۆماوەی سێ کاژێر مۆبایل بەکاربهێنن.
- چاودێریکردنی پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیا و تۆڕەکانی دیکە بە زانینی ناونیشان، ناو و شێوەی منداڵەکان.
- نابێت هیچ منداڵێک بە ئەکاونت یاخود پڕۆفایلی دایک یان باوک تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاربهێنێت.
- منداڵ ناتوانێت بەهیچ شێوەیەک لەنێو قوتابخانە ئامێرە ئەلکترۆنییەکان {مۆبایل، ئایپاد و کۆمپیوتەر} بەکاربهێنێت.
 
توێژینەوەیەک لە هەرێمی کوردستان کراوە و دەریدەخات، 50٪ـی منداڵان رۆژانە زیاتر لە سێ کاژێر لەبەردەم شاشەکانن و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بەکاردەهێنن، دایکی منداڵێکی قوربانیش دەڵێت، منداڵەکەی زۆر لەبەردەم شاشەکاندا دەمێنێتەوە، هەر بۆیە قسەکردنی دواکەوتووە و پزیشکیش پێی گوتووە کە ئۆتیزمی هەیە.