لە بەریتانیا کار بۆ زیادکردنی رێژەی فلۆراید لەنێو ئاو دەکرێت

رووداو - تەندروستی 

لە شارێکی بەریتانیا رێکارەکانی زیادکردنی رێژەی فلۆراید لە ئاوی خواردنەوە دەگیرێتە بەر، ئەنجوومەنی شارەکەش دەڵێت: ئامانجمانە بەهۆیەوە تەندروستیی ددانی هاووڵاتییان بپارێزین.
 
ئەنجوومەنی شاری لیستەر رایدەگەیێنێت، دەمانەوێت بەم شێوەیە و بە رێگەیەکی زانستی تەندروستیی ددانی خەڵک بەرەو باشترببەین.
 
رۆب هاوارد، بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی تەندروستیی گشتیی بەریتانیا دەڵێت: فلۆراید لە ئاوی خواردنەوەکانمان هەیە، بەڵام بەرزکردنەوەی رێژەکە تەندروستیی ددان زیاتر دەپارێزێت و رێگری لە دروستبوونی کلۆریی ددان دەکات بە تایبەت لە منداڵاندا.
 
رۆب هاوارد دەشڵێت، بە پێی دواین ئاماژەکان 37.8٪ ئەو منداڵانەی تەمەنیان تاوەکو پێنج ساڵدایە، لانیکەم ددانێکیان پڕکراوەتەوە یاخود کەوتووە بەهۆی کلۆربوونەوە. 
 
لە شاری بێرمینگهام چەند ساڵیک پێش ئێستا کرداری زیادکردنی رێژەی فلۆراید لە ئاوی خواردنەوە جێبەجێکراوە کە ئێستا ئەم رێژەیە ٪23.8ـە.
 
رۆب هاوارد ئاماژە بەوەشدەکات، ''ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە بە تەنیا زیادکردنی رێژەیەکی زۆر کەمی فلۆراید لە ئاو، دەتوانین رێگری لە کلۆریی ددان بکەین بەمەش ئازاری ددان، لەدەستچوونی رۆژانی قوتابخانە، ئاستەنگییەکانی خەوتن و قسەکردن کەمبکەینەوە لە منداڵان''.
 
جەستن جەنناتی، پزیشکی ددان لە شاری لیستەر لەم بارەیەوە دەڵێت: پڕکردنەوەی ددان لەنێو منداڵان زۆرە و پێویستە رێگەچارەیەکی دروست بگیرێتەبەر.
 
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی و چاودێریی کۆمەڵایەتی پێی وایە، بە فلۆرایدکردنی ئاو سەلامەتە و یارمەتیی باشترکردنی تەندروستیی دەم و ددانی هاووڵاتییانمان دەدات و رێژەی کلۆریی ددان و کێشانی ددان لە منداڵاندا کەمدەکاتەوە.