WHO: دەبێت رۆڵی مامانەکان لە خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی باشتربکرێت
رووداو - تەندروستی
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO رایدەگەیێنێت، بەهێزکردنی رۆڵی مامانەکان لە خزمەتگوزارییەکانی چاودێریی منداڵبوون و تازەلەدایکبوواندا ساڵانە ژیانی ملیۆنان کەس رزگار دەکات.
رێکخراوەکە ئاماژە بەوەدەکات، دەبێت گرنگی بە راهێنان، ژێرخانی بنەڕەتی، پێداویستییەکان و جۆرەکانی دیکەی پشتگیری تایبەت بە مامانەکان بدرێت بۆ ئەوەی بتوانن هاوکاری کارمەندانی دیکەی چاودێریی تەندروستیی بدەن وەکو پەرستاران، پزیشکانی خانمان و منداڵبوون و پزیشکانی منداڵان.
دکتۆر ئەنشو بانەرجی، بەڕێوەبەری تەندروستیی دایکان، تازەلەدایکبووان، منداڵان و هەرزەکاران لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، "بەهێزکردن و پشتگیریکردنی مامانەکان سوودی بۆ خانمان و کۆرپە و سیستمی تەندروستیی هەیە".
بە گوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO، دەستڕاگەیشتن بە چاودێریی مامانی بە شێوەیەکی گشتی دەتوانێت زیاتر لە 60٪ـی گیانلەدەستدانی دایکان و تازەلەدایکبووان کەمبکاتەوە.