دامەزراوەی ددان لە سوێد 7 رێگەچارەی لێکخشاندنی ددانەکان پێشنیازدەکات
رووداو - تەندروستی
دامەزراوەی پسپۆڕانی نەخۆشییەکانی دەم و ددان لە سوێد رایدەگەیێنێت، 13٪ـی خەڵک جیڕبوونەوەی ددانەکان یاخود لەیەکخشاندنی ددانەکانیان هەیە کە زۆرجار کێشەی جیدیی دەم و ددان و نائاسوودەیی دەروونیی بەدواوەدێت.
بەپێی دامەزراوەی پسپۆڕانی نەخۆشییەکانی دەم و ددان لە سوێد SDA ئەمانەی خوارەوە دەشێت هۆکاربن بۆ لێکخشاندنی ددانەکان؛
- گوشاری دەروونی
- خەمۆکی و دڵەڕاوکێ
- کەمخەوی
- جگەرە و نێرگەلەکێشان
- زۆر خواردنەوەی کحول، چا و قاوە
هاوکات بەپێی زانیارییەکانی SDA، دەشێت لێکخشاندنی ددانەکان ببێتەهۆی تێکچوونی ددان، سەرئێشە، ماندوویەتی و ئازاری شەویلگە و چەناگە.
هەر بۆیە 7 رێگەی کاریگەر بۆ کەمکردنەوەی کێشە باوەکە دەخرێتەڕوو؛
1- دوورکەوتنەوە و سنووردارکردنی کافایین، کحول، جگەرە و نێرگەلە؛ بەتایبەت لەکاتی شەواندا، چونکە ئەو کێشەیە لەکاتی خەوتندا زیاددەبێت.
2- دوورکەوتنەوە لە خۆراکە رەقەکان؛ بەتایبەت شکاندنی گوێز و نوقڵە شیرینەکان.
3- ئەنجامدانی وەرزشەکانی خۆخاوکردنەوە و قسەکردن لەگەڵ کەسانی پسپۆڕ.
4- بایەخدان بە راهێنانی دەم بە مەساجکردن و ئەنجامدانی چەند تەکنیکێکی کاریگەر بۆ باشترکردنی ماسوولکەکانی دەم لەلایەن چارەسەرکارانی سرووشتییەوە.
5- کەمکردنەوە و کۆنتڕۆڵکردنی گوشاری دەروونی، دڵەڕاوکێ و دەمارگیری؛ بە ئەنجامدانی هەناسەدانی قووڵ و بەهێزکردنی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و بایەخدان بە خولیاکان.
6- بەکارهێنانی سەهۆڵ لەسەر ماسوولکەکانی چەناگە بۆ کەمکرنەوەی هەوکردن و ئازاری ماسوولکەکانی چەناگە، بەڵام پزیشک ببیندرێت بۆ دڵنیابوونەوە لە تەندروستیی ماسوولکەکان.
7- باشتربوونی کوالێتیی خەو بە 'تاریککردنی ژووری نووستن، نەخواردنی کافایینەکان لە شەواندا، زوو خەوتن و بەکارنەهێنانی شاشەکان پێش خەوتن'.
لە کۆتاییدا پسپۆڕانی دامەزراوەکە ئاشکرای دەکەن، لەکاتی بوونی کێشەیەکی لەو شێوەیە و دووبارەبوونەوەی بەردەوام، پێویستە پزیشکی پسپۆڕی ددانەکان ببیندرێ تاوەکو رێگری لە زیانگەیاندن بە مینای ددانەکان و نەخۆشییەکانی پووک بکرێت.