پشکنینێكی خوێن بۆ دەستنیشانکردنی بەرزەپەستانی خوێن لە دووگیانیدا پێشنیازدەکرێت

رووداو - تەندروستی 

لە ئەمریکا پشکنینێکی نوێی خوێن بۆ پێشوەختە دەستنیشانکردنی مەترسییەکانی تووشبوون بە بەرزەپەستانی خوێن لە ماوەی دووگیانیدا پێشنیازدەکرێت.
 
کۆمپانیای لابکۆرپ کە دۆزەرەوەی پشکنینە نوێیەکەیە رایدەگەیێنێت، ئەمە یەکەم و تاکە پشکنینی هاوشێوەیە کە لە ئەمریکا بەردەستدەبێت و دەتوانرێت لە ماوەی دووگیانیدا بەتایبەت لە سێ مانگی یەکەمدا ئەنجامبدرێت بۆ دیاریکردنی نەخۆشیی بەرزەپەستانی خوێنی دووگیانی.
 
د. برایان کاڤینی، بەرپرسی سەرەکیی پزیشکی و زانستیی کۆمپانیای لابکۆرپ دەڵێت: "ئەمە ئامرازێکی دیکەی یارمەتیدەرە بۆ پزیشکانی کلینیکی لە ئەمریکا و جیهان بۆ یارمەتیدانی باشترکردنی تەندروستیی خانمان لە ماوەی دووگیانیدا".
 
د. کاڤینی ئاماژە بەوەشدەدات، بەم جۆرە پشکنینانە دەتوانرێت لانیکەم نیوە یان زیاتر لە حاڵەتەکانی بەرزەپەستانی خوێن لەماوەی دووگیانی (Pre-eclampsia) دەستنیشانبکات، بەمەش دەکرێت بەزوویی رێگەیان لێبگیرێت و کۆنتڕۆڵبکرێن. 
 
بە پێی مایۆکلینیک، بەرزەپەستانی خوێن لە دووگیانیدا ئاڵۆزییەکی جیدییە، بە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و بەرزبوونەوەی ئاستی پرۆتین لە میزدا لەگەڵ چەندین نیشانەی دیکە دیاریدەکرێت. بە شێوەیەکی گشتی ئەم دۆخە دوای هەفتەی 20ـەمی دووگیانی دروستدەبێت و ئەگەر چارەسەر نەکرێت، دەکرێت کوشندە بێت بۆ دایک و کۆرپەکە.