وەزارەتی تەندروستی: هەڵمەتی کوتان دژی نەخۆشی سورێژە دەستپێدەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ هەڵمەتێکی 10 رۆژەی کوتان دژی نەخۆشی سورێژە بە پێکوتەی دژەڤایرۆسی سورێژەی تێکەڵاو دەستپێدەکات.
رۆژی سێشەممە، 16-04-2024، وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند، هەڵمەتەکە لە چوارچێوەی گرتنەبەری رێوشوێنەكانی پاراستنی تەندروستیی هاووڵاتییان و نەوەکانی ئایندەیە.
هەڵمەتەکە گشتگیر و فراوانە و سەرتاسەری هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە. وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، لەنێو باخچەكانی ساوایان و قوتابخانە سەرەتاییەكانەوە لەرێگەی سێ هەزار و 280 کارمەندەوە دەستپێدەکات و نزیکەی 873 هەزار و 191 منداڵ دەگرێتەوە.
بڕیارە هەڵمەتی کوتان دژی نەخۆشی سورێژە منداڵانی باخچەی ساوایان و قۆناخی یەكەم تاوەكو قۆناخی شەشەمی سەرەتایی بگرێتەوە.
هەڵمەتە ماوەی 10 رۆژ دەخایەنێت. وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، 10 هەزار و 916 سەردانیان بۆ سێ هەزار و 981 قوتابخانە دەبێت، لە رێگەی هەزار و 94 تیمەوە.
هەڵمەتەکە بە هاوئاهەنگی لەنێوان وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان و عێراق و رێكخراوەکانی تەندروستیی جیهانی"WHO " و یونسێف دەبێت.
سورێژە نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی گوازراوەیە و زیاتر تووشی منداڵان دەبێت، بەتایبەت منداڵی تەمەن 2 بۆ 5 ساڵ.
هەروەها بە خێرایی تەشەنە دەکات و کۆکین، پژمین و بەرکەوتنی راستەوخۆ لەگەڵ کەسی تووشبوو رێگەی گواستنەوەی نەخۆشییەکەن.
نیشانەکانی نەخۆشییەکە بریتین لە 'تا، کۆکە، بێهێزی، هەناسەتەنگی، سووربوونەوەی چاو و دەرکەوتنی پەڵەی سوور لەسەر جەستە' هەروەها حەوت بۆ 10 رۆژ دوای بەرکەوتن بە ڤایرۆسەکە دەشێت نیشانەکان دەربکەون.
ئەوانەی کە تووشی سوورێژە دەبن، پێویستە پشوو بدەن، ئاو و شلەمەنی زۆر بخۆنەوە و جیابکرێنەوە، هەروەها هەریەک لە دەرمانەکانی کەمکردنەوەی تا، دژەخوران و تەواوکەرە خۆراکییەکان لە ژێر راوێژی پزیشکدا بەکاربێنن.