توێژینەوەیەک: دەرمانە دژە بەکتریاکان ئەگەری تووشبوون بە هەوکردنی ریخۆڵە زیاددەکەن
رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی زانکۆی بارئیلان لە ئیسرائیل دەریدەخات، زۆر بەکارهێنانی دەرمانە دژە بەکتریاکان هۆکاری بریندارکردنی چینی داپۆشەری ریخۆلەکانن و دەبنە هۆی تووشبوون بە هەوکردن.
توێژینەوەکە ئاماژە بەوەدەکات، دژە بەکتریاکانی وەکو ئەمپیسیلین، مێترۆنیدازۆل، نیۆمایسین هەروەها ڤانکۆمایسین زیان بە چینی پارێزەر لە کۆئەندامی هەرس دەگەیێنن، ئەمەش رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ چوونی بەکتریا بۆ نێو کۆئەندامی هەرس و تووشبوون بە هەوکردنی ریخۆڵەکان.
دکتۆر شای بێل سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت،''پێمان وابوو کە دژە بەکتریاکان تەنها زیان بە بەکتریا دەگەیەنن بەڵام توێژینەوە نوێیەکان دەریدەخەن ئەم دەرمانانە راستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر خانەکانی نێو ریخۆڵەکان هەیە''.
بەگوێرەی مایۆکلینیک، نەخۆشی هەوکردنی ریخۆڵە IBD کاتێک روودەدات کە سیستمی بەرگری لەش هێرش دەکاتە سەر خانەکانی ریخۆڵە، ئەمەش دەبێتە هۆی هەوکردنیان، نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە بریتین لە ئازاری تووندی سک و سکچوون.
بەپێی تویژینەوەکە، نزیکەی 4.9 ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهان تووشبووی نەخۆشیی هەوکردنی ریخۆڵەن.