توێژینەوەیەک: مادە کیمیاییەکانی نێو ماکیاژ مەترسیدارن لە کاتی دووگیانیدا
رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی زانکۆی باکووری رۆژهەڵات لە بۆستن دەریدەخات، زۆرینەی ماکیاژ و بەرهەمە جوانکارییەکان دوو مادەی مەترسیداریان تێدایە کە کاردەکەنە سەر تەندروستیی خانمی دووگیان و کۆرپەلە.
توێژینەوەکە ئاماژە بەوەدەکات، فینۆل و پارابین دوو مادەی کیمیایی نێو ئەم بەرهەمانەن، مەترسیی تووشبوونی خانمی دووگیان بە بەرزەفشاری خوێن بەڕێژەی 57% زیاددەکەن، بەتایبەت ئەگەر لە هەفتەی 24 بۆ 28ـی دووگیانیدا بەکاربهێندرێن.
دکتۆر جولیا ڤارشاڤسکی، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، ''سەیرکردنی مادە کیمیاییەکانی نێو بەرهەمە جوانکارییەکان و بەکارنەهێنانی هەموو جۆرە بەرهەمێک گرنگە بۆ خانمانی دووگیان، ئەم مادانە کاریگەری دروستدەکەن لەسەر تەندروسیتی دایکەکە و کۆرپەلەکە''.
دکتۆر جولیا دەشڵێت، بەرزەفشاری خوێن رۆیشتنی خوێن و مادە خۆراکییەکان بۆ کۆرپەلە کەمدەکاتەوە ئەمەش دەبێتە هۆی سنووردارکردنی گەشەکردن، کەمیی کێش لەکاتی لەدایکبوون و پێشوەختە لەدایکبوون.
بەپێی ئەم توێژینەوەیە، فینۆل و پارابین وەک دوو مادەی کیمیایی بۆ رێگریکردن لە گەشەی بەکتریای زیانبەخش لەنێو بەرهەم جوانکارییەکان بەکاردەهێندرێن و نزیکەی 80٪ـی ئەم بەرهەمانە مادەی پارابینیان تێدایە.