وەزارەتی تەندروستی: نەشتەرگەریی بچووککردنەوەی گەدە راگیراوە

رووداو - تەندروستی 

بەرپرسێکی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بە بڕیاری وەزارەت نەشتەرگەریی بچووککردنەوەی گەدە زیاتر لە مانگێکە راگیراوە و هەر نەخۆشخانەیەک کە دەیەوێت نەشتەرگەرییەکە بکات دەبێت رێگەپێدان لە وەزارەت وەربگرێت.
 
رۆژی دووشەممە 15ـی نیسانی 2024 د. کاوە خەلیل، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لەبارەی بڕیاری راگرتنی نەشتەرگەریی بچووککردنەوەی گەدە بە رووداوی گوت، "ماوەیەک ئەو نەشتەرگەرییە کرابوو بە مۆدێل و کەسانێک کە دەکرا بە وەرزش لاوازببن نەشتەرگەرییان دەکرد و وەکو جوانکاری مامەڵەی لەگەڵ دەکرا."
 
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، بچووکردنەوەی گەدە دەیان مەرجی هەیە و پێویستە ئەو کەسەی دەیکات لیژنەیەی تەندروستی بیبینێت و پشتڕاستبکرێتەوە کە پێویستی بەو نەشتەرگەرییە هەیە ئەو کات دەتوانێت بیکات.
 
د. کاوە خەلیل دەڵێت، هەر نەخۆشخانەیەکیش کە دەیەوێت ئەو نەشتەرگەرییە بکات دەبێت نووسراوێک بۆ وەزارەتی تەندروستی بنێرێت و رێگەپێدان وەربگرێت، چونکە ئەو نەشتەرگەرییە لە سەنتەر ناکرێت و دەبێت لە نەخۆشخانەیەک کە مەرجەکانی وەزارەتی تێدایە بکرێت.
 
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، هەر نەخۆشخانەیەک دوای وەرگرتنی مۆڵەت دەتوانێت دەست بە نەشتەرگەرییەکە بکاتەوە.
 
لەبارەی ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت نەشتەرگەریی بچووکردنەوەی گەدە بکەن، د.کاوە خەلیل گوتی: "پێویستە کێشی زۆر بێت و بسەلمێندرێت کە ئەو کەسە بەهۆی تێکچوونی هۆرمۆنەوە ناتوانێت بە وەرزش لاوازبێت و پشکنینی پێویستیان بۆ بکرێت، ئەو کات دەتوانێت لە نەخۆشخانەیەکی مۆڵەت پێدراو بیکات."