پسپۆڕێک: مەرج نییە نەشتەرگەریی دەرهێنانی چەوری بۆ هەموو کەسێک گونجاو بێت

رووداو - تەندروستی 

پسپۆڕێکی نەشتەرگەرییەکانی جوانکاری و رێککاری رایدەگەیێنێت، چەندین مەرج هەیە بۆ ئەوەی نەشتەرگەریی دەرهێنانی چەوری سەرکەوتووبێت، ئەو دەڵێت: ''ئەم جۆرە نەشتەرگەرییە جۆرێکی جوانکارییە و بڕی چەورییەکانی جەستە رێکدەخات {ئەگەر پێویست بێت}''. 
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 15-1-2025 د. لاڤین جەوهەر، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی جوانکاری و رێککاری لە بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال رایگەیاند، هەندێک مەرج هەیە کە پشتی پێدەبەستن پێش نەشتەرگەرییەکە وەکو 'پێوانەی قەڵەوی BMI دەبێت 30 یاخود کەمتر بێت، ئەوانەی شەکرە و بەرزەپەستانی خوێنیان هەیە پێویستە کۆنتڕۆڵ بێت، راگرتنی دەرمانەکانی شلکردنەوەی خوێن دوای راوێژ بە پسپۆڕی هەناو و دڵنیابوونەوە لە تەندروستیی دڵ.
 
د. لاڤین جەوهەر دەڵێت: ''چەوری دەرهێنان جێگرەوەی دابەزاندنی کێش نییە، بەڵکو بۆ رێکخستنی جەستەیە، بەتایبەت هەندێکجار کاتێک کەسێک خۆی لاوازدەکاتەوە، هەندێک شوێنی جەستەی هەیە چەورییەکەی دانابەزێت لەو کاتەدا 'دەشێت' نەشتەرگەریی لابردنی چەوری پێویست بێت، یاخود دەکرێت بۆ گواستنەوەی چەوری لە بەشێکی جەستە بۆ بەشێکی دیکەش بێت''.
 
ئەو پسپۆڕە گوتی، کێش و باڵای نەخۆش پێوەری سەرەکین بۆ نەشتەرگەریی دەرهێنانی چەوری و دەبێت پزیشک بنەما سەرەکییەکانی نەشتەرگەرییەکە لە نەخۆش بگەیێنێت، ''چونکە سەلامەتیی نەخۆش پێش هەموو شتێکە''.
 
شەوی دووشەممە 13-1-2025، لە سلێمانی خانمێک دوای نەشتەرگەرییەکی جوانکاری گیانی لەدەستدا؛ خانمەکە نەشتەرگەریی دەرهێنانی چەوریی بۆ کراوە و خزمێکی بەم شێوەیە باسی چیرۆکی گیانلەدەستدانی دەکات.