پزیشک و کارمەندانی تەندروستیی گەرمیان بایکۆتی کاریان کردووە
رووداو - تەندروستی
زیاتر لە 10 رۆژە پزیشک و کارمەندانی تەندروستیی گەرمیان بایکۆتی کاریان کردووە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی کەلار دەڵێت، کاتی دەستپێکردنەوەی دەوام پەیوەستە بە کاتی دابەشکردنی مووچەوە، نەخۆشەکانیش بێزارن لەوە کە بێنە بەردەم نەخۆشخانەکان و بە دەستی بەتاڵ بگەڕێنەوە.
سەباح عەبدولکەریم چووەتە بەردەم نەخۆشخانەی گشتیی کەلار بۆ وەرگرتنی دەرمانی درێژخایەنی خۆی، باوک و دایکی، بەڵام دەرگەی نەخۆشخانەکە داخراوە، چونکە بایکۆتە.
دەرمانی هەرسێکیان نرخەکەی زیاترە لە 200 هەزار دیناری عێراقییە لە دەرەوەی نەخۆشخانەکان.
سەباح عەبدولکەریم، نەخۆش دەڵێت: ''دەرمانەکان بە کەموکورتییەوە دەیدەن و لە دەرمانخانەکانیش گرانن، هیچ مووچە و کارێکم نییە، لە کوێوە بیناکڕم؟''.
لە 4ـی مانگەوە تاوەکو ئێستا بەهۆی پێنەدانی مووچەکانیان پزیشک و کارمەندان لە 4 نەخۆشخانە، 13 مەڵەبند و 63 بنکەی تەندروستی لە گەرمیان بایکۆتی دەوامیان کردووە.
د. حارس محەممەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی کەلار دەڵێت: ''کۆی گشتیی کارمەند و پزیشکانی تەندروستیی گەرمیان لە نەخۆشخانە و بنکە و مەڵبەندە تەندروستییەکان تاوەکو هاتنی مووچەکانیان، بایکۆتی کاریان کردووە''.