CDC: ئەفریقا پێویستی بە 600 ملیۆن دۆلارە بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشیی 'ئاوڵەی مەیموون'
رووداو - تەندروستی
ناوەندی کۆنتڕۆل و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەفریقا CDC رایدەگەیێنێت، 600 ملیۆن دۆلار بۆ وەڵامدانەوە و بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیی 'ئاوڵەی مەیموون' لە کیشوەرەکە پێویستە.
ناوەندەکە ئاماژە بەوەدەکات، داوا لە وڵاتانی رۆژئاوا کراوە کە یارمەتیدەر بن لە دابینکردنی ئەم بودجەیە، هەروەها بڕیار وایە بڕە پارەیەک لە لایەن وڵاتانی یەکێتی ئەفریقا، هاوبەشەکانی گەشەپێدان، خێرخوازی و کەرتی تایبەتەوە دابینبکرێت.
جان کاسێیا، بەرێوەبەری CDC لە ئەفریقا دەڵێت، ''دەبێت وڵاتان یارمەتیدەربن، نامانەوێت سبەی بگەڕێینەوە و بڵێین جارێکی دیکە ئەفریقاتان جێهێشتووە''.
بەپێی ئامارەکانی CDC لە ئەفریقا، لە ماوەی هەفتەی رابردوو لانیکەم 107 تووشبوو گیانیانلەدەستداوە و زیاتر لە سێ هەزار تووشبووی نوێ تۆمارکراون، بەمەش ژمارەی تووشبووان لەمساڵ بۆ 26 هەزار کەس بەرزبووەوە و ژمارەی گیانلەدەستدانیش بەهۆی نەخۆشییەکە گەیشتە 724 گیانلەدەستدان.