گوشاری دەروونی لەماوەی دووگیانیدا ئەم زیانەی بۆ کۆرپەلە دەبێت

رووداو - تەندروستی

توێژینەوەیەک لە دانیمارک دەریدەخات، گوشاری دەروونی لە کۆتاییەکانی دووگیانیدا دەشێت ئاستی زیرەکی کۆرپەلە داببەزێنێت و هۆشداریشدەدرێتە خانمانی دووگیان.
 
توێژینەوەکە ئاماژە بەوە دەکات، خانمان لەکاتی دووگیانیدا تووشی گوشارێکی زۆریی دەروونی دەبن، لە بەرامبەر ئەم گوشارەدا جەستە بڕێکی زۆریی هۆرمۆنی کۆرتیزۆڵ بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەم گوشارە دەڕژێنێت، ئەم هۆرمۆنەش کاریگەری لەسەر کارکردنی مێشکی کۆرپەلە دەبێت بەتایبەت کۆرپەلەی کوڕ.
 
د. ئەنجا فێنگەر، سەرۆکی توێژینەوەکە رایدەگەیێنێت، ئەمە یەکەم توێژینەوەیە کە لێکۆڵینەوە لە پەیوەندیی نێوان ئاستی هۆرمۆنی کۆرتیزۆڵ لە دووگیانیدا و ئاستی زیرەکی کۆرپەلە دەکات. 
 
د. ئەنجا دەڵێت، دۆزینەوەکانیان تیشک دەخەنە سەر ئەو رۆڵە گرنگەی کە کۆرتیزۆڵ دەیگێڕێت لە گەشەکردنی کۆرپەلە لە کچان و کوڕاندا بە شێوەیەکی سەربەخۆ، هەر بۆیەش رێنوێنیی خانمان دەکەن کە لەماوەی دووگیانیاندا کۆنتڕۆڵی گوشاری دەروونییان بکەن، تاوەکو کۆرپەلەکانیان دوای لەدایکبوون زیرەک و چالاکبن.