پسپۆڕێکی خۆراک: سنگ تەندروستترین بەشی مریشکە

رووداو - تەندروستی 

پسپۆڕێکی خۆراک دەڵێت، سنگ باشترین و تەندروستترین بەشی مریشکە، بەڵام هاووڵاتییان دەبێت هۆشیار بن لە خواردنی باڵ و ملی مریشک.
 
دکتۆر ناتالیا سیچۆڤا، پسپۆڕی خۆراک لە رووسیا دەڵێت، سنگی مریشک دەوڵەمەندە بە پرۆتین کە بۆ بنیاتنانی ماسوولکەکان پێویستە؛ هەروەها بڕێکی کەم چەوریی تێدایە.
 
لە بارەی باڵ و رانی مریشک، ئەو پسپۆڕە گوتی، ''لە رووی پێکهاتەوە لە گۆشتی سوور نزیکن، چونکە بەشێکی زۆر لە چەوریی تێریان تێدایە''؛ هەروەها دەشڵێت، باشترە باڵ و رانی مریشک نیوەڕۆیان و سنگی مریشکیش ئێواران بخورێت. 
 
دکتۆر ناتالیا سیچۆڤا سوودی خواردنی سنگ لە ژەمی ئێواراندا روون دەکاتەوە و دەڵێت، رێگری لە برسیبوون لەکاتی خەوتندا دەکات و خەو باشتردەکات؛ هەروەها بڕێکی زۆر لە پرۆتینی تێدایە کە جەستە بە باشی هەڵیدەمژێت.
 
بە گوتەی پسپۆڕەکە، پێستی مریشک زۆرترین بڕی چەوریی زیانبەخشی تێدایە و پێشنیازدەکات ''بەهیچ شێوەیەک نەخورێت.''
 
هاوکات پسپۆڕەکە هۆشداری دەداتە هاووڵاتییان و دەڵێت، زۆرجار دەرزیی هۆرمۆن و ڤاکسینەکان لە مل و باڵی مریشک دەدرێن و دەڵێت، "دەبێت بە شێوەیەکی سنووردار بخورێن، چونکە زیان بە جەستە دەگەیێنن".
 
دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات، ئەو کەسانەی تەندروستن دەتوانن باڵی مریشک بخۆن، بەڵام ئەو هۆرمۆنەی لە باڵی مریشک دەدرێت زیان بە کۆرپەلەی ژنانی دووگیان دەگەیەنێت؛ بۆیە باشترە ژنانی دووگیان نەیخۆن.