بەشی تەندروستیی گشتیی کەرکووک: سەگی بێلانە لە شارەکە زۆربووە و پێویستە کۆبکرێنەوە
رووداو - تەندروستی
سەرۆکی بەشی تەندروستیی گشتی لە تەندروستیی کەرکووک رایدەگەیێنێت، زۆرینەی سەگە بێلانەکان نەخۆشیی هاریی سەگیان هەیە، ئەمەش مەترسیدارە و دەکرێت ببنەهۆی گیانلەدەستدانی ئەو کەسانەی گازیان لێدەگرن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 13-11-2024 سەباح نامیق، سەرۆکی بەشی تەندروستیی گشتی لە تەندروستیی کەرکووک بە رووداوی گوت، ڤاکسینی دژی هاریی سەگ بەردەستە، بەڵام رێژەکەی کەمە و زۆر کەس دەستی ناکەوێت.
سەباح نامیق روونی دەکاتەوە، ئەو ڤاکسینە لە نەخۆشخانەی ئازادی، کۆماری و داقووق و حەویجە بەردەستە.
لە کۆتاییدا گوتیشی، هەر کەسێک سەگ گەستی، پێویستە بە زووترین کات بهێندرێتە ئەو نەخۆشخانانە تاوەکو ڤاکسینەکەی لێبدرێت و زوو چارەسەر بکرێت.
هەر ئەمڕۆ قسە لەگەڵ سامان یابە، گوتەبێژی تەندروستیی کەرکووک کرا و گوتی کە پەیوەندییان بە چارەسەری کێشەکەوە نییە و دەبێت بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتێرنەری و شارەوانیی کەرکووک چارەسەری بکەن.
لە کەرکووک حاڵەتەکانی گەستنی سەگ زیادبوون، بە گوتەی قایمقامی کەرکووک، شێڵتەرێک لەسەر رووبەری پێنج دۆنم بۆ سەگی بێلانە دروستکراوە و زیاتر لە 500 سەگی تێدا کۆکراوەتەوە، بەڵام هێشتا ژمارەی سەگە بێلانەکان زۆرن.
منداڵێک بەهۆی گەستنی سەگەوە لە شاری کەرکووک گیانی لەدەستدا.