زانکۆی باشووری ئوسترالیا: پیاوان زیاتر لە خانمان تووشی فتق دەبن

رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەکی زانکۆی باشووری ئوسترالیا دەریدەخات، ساڵانە لە جیهاندا زیاتر لە 20 ملیۆن نەشتەرگەری فتق ئەنجامدەدرێن و پیاوان حەوت ئەوەندەی خانمان تووشی فتق دەبن. 

توێژینەوەکە ئاماژە بەوەدەکات، لە ئوسترالیا لە نێوان ساڵانی 2017 بۆ 2021 نزیکەی چوار سەد و 30 هەزار نەشتەرگەری فتق ئەنجامدراون، لەم ژمارەیەدا رێژەی پیاوان 89.6٪ بووە و ئەم رێژە زۆرە لە پیاوان دەگەڕێتەوە بۆ جگەرەکێشان، ئەنجامدانی وەرزشی زۆر قورس، بەرزەفشاری خوێن و نەخۆشییەکانی دڵ. 
 
د. ماریا گیلام، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە رایدەگەیێنێت، دەبێت هەڵمەتی هۆشیارکردنەوە و سیاسەتی تەندروستی پەرەپێبدرێت بۆ باشترکردنی کوالێتی ژیان و کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوون بە فتق. 
 
بە گوێرەی ناوەندی کلیڤلاندی پزیشکی، فتق بریتیە لە دەرچوونی ئەندامێکی لەش یاخود بەشێکی ئەو ئەندامە بۆ دەرەوەی دیواری داپۆشەر لە رێگەی کونێک یاخود دیوارێکی لاوازبوو وەکو ناوک، رێرەوی سەر میزڵدان و شوێنی نەشتەرگەری پێشوو. 
 
بەپێی ئەم ناوەندە هەریەکە لە هەڵگرتنی قورسایی، زۆر وەستان لەسەرپێ و قەبزی درێژخایەن ئەگەری تووشبوون بە فتق زیاددەکەن و بەشێوەیەکی گشتی زۆرینەی فتقەکان دوای دەستنیشانکردن، بە نەشتەرگەری چارەسەردەکرێن.

لێرەوە هەموو شتێک لەسەر فتق بزانە.