توێژینەوەیەک: بەکارهێنانی ئامێرە ئەلکترۆنییەکان دەبێتە هۆی زووهەڵچوون و تووڕەبوون لە منداڵاندا

رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەکی زانکۆی شێربروک لە فەرەنسا دەریدەخات، بەکارهێنانی ئامێرە ئەلکترۆنییەکان لە تەمەنی زویی منداڵیدا هۆکاری بێزاربوون، کۆنتڕۆڵنەکردنی تووڕەیی و زوو‌هەڵچوونە لە منداڵان.
 
توێژینەوەکە ئاماژە بەوەدەکات، دایک و باوکان بۆ ژیرکردنەوەی منداڵەکانیان پەنا دەبەنە بەر مۆبایل و ئامێرە ئەلکترۆنییەکانی دیکە، ئەم ئامێرانە کاردەکەنە سەر گەشەکردنی ژیانی سۆزدارییان بەجۆرێک منداڵەکان لە دیمەنەکانی نێو ئەم ئامێرانەوە فێردەبن لەبری فێربوون لە دایک و باوکیان. 
 
کارۆلین فیتزپاتریک، پسپۆری پەروەردەیی لە زانکۆی شێربروک دەڵێت، ''پەیوەندی راستەوخۆی دایک و باوکان لەگەڵ منداڵانیان کلیلی فێربوون و رێکخستنی ژیانی منداڵەکانیانە، دەبێت بە وردی مامەڵە لەگەڵ منداڵان بکرێت و چاودێریان بکرێت''. 
 
بە گوتەی ئەم پسپۆڕە، منداڵان بە دووشێوە فێری رێکخستنی هەستەکانیان دەبن، یەکەمیان راستەوخۆ لەڕێگەی مامەڵەی دایک و باوک لەگەڵ منداڵەکە و دووەمیان لەڕێگەی چاودێریکردنی پەیوەندی نێوان دایک و باوکان لەگەڵ یەکتر.