یەکەم و تاکە تووشبووی تۆمارکراوی تای خوێنبەربوون لە سلێمانی چاکبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
تەندروستیی سلێمانی رایگەیاند، ئەو هاونیشتمانییەی هەفتەی رابردوو تووشی تای خوێنبەربوون بوو، دوای وەرگرتنی چارەسەر، چاکبووەوە و رەوانەی ماڵەوە کراوەتەوە.
رۆژی پێنجشەممە 13-07-2023 بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی رایگەیاند: "تووشبووەکە ژنێكی تەمەن 45 ساڵە و خەڵكی شارۆچكەی چوارقوڕنە بوو، دوای وەرگرتنی چارەسەر و باشبوونی تەندروستی، ئەمڕۆ لەلایەن بەڕێوەبەر، پزیشک و ستافی نەخۆشخانەی شار بە چەپكەگوڵ ماڵئاوایی لێكرا و رەوانەی ماڵەوە كرایەوە."
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئەمڕۆ پێنجشەممە لە پارێزگای هەولێر 12 تووشبووی تای خوێنبەربوون تۆمارکراون و پێنجیان گیانیان لەدەستداوە؛ لە پارێزگای دهۆک چوار تووشبووی تای خوێنبەربوون تۆمارکراون و لە پارێزگای سلێمانی یەک تووشبوو تۆمار کراوە.
هاوکار عەلی، گوتەبێژی تەندروستیی کۆیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوو تووشبووی تای خوێنبەربوون لە کۆیە تۆمارکران، یەکێکیان گیانی لەدەستدا، کە تەمەنی 75 ساڵ بوو، ئەوەی دیکەشیان چارەسەری وەردەگرێت و تەندروستیی جێگیرە."
بەگوتەی هاوکار عەلی، ئەو کەسەی تووشبووە و چارەسەری وەردەگرێت، تەمەنی 19 ساڵە و کاسبکارە و ئاژەڵدار نییە، بەڵام لە جەژنی قورباندا بەرکەوتنی لەگەڵ ئاژەڵدا هەبووە.
لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، شەش کەس تووشی تای خوێنبەربوون بوون و سێ تووشبوویان گیانیان لەدەستداوە. کامەران محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەو شەش کەسەی تووشی تای خوێنبەربوون بوون، دوای وەرگرتنی چارەسەر چواریان گەڕێندرانەوە ماڵەوە، ئێستا دوو کەسیان ماون کە ئەوانیش تەندروستیان جێگیرە و بەرەو باشبوون دەچن."
26ـی حوزەیرانی ئەمساڵ سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "بۆ چارەسەرکردنی تای خوێنبەربوون کۆمەڵێک دەرمان بەکاردێت، وەک ژیناو و دەرمانەکانی هەوکردن، بەڵام گرنگترینیان دەرمانی دژە ڤایرۆسی ریباڤارینە کە لە هەموو شوێنێک هەیە بە بەڕێوبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانیشەوە."
تای خوێنبەربوون بە چەندین رێگە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و دەکرێت مرۆڤ بە سووکی تووشی بێت و لە زۆر باریشدا رەنگە ببێتە هۆکاری مردن. ڤایرۆسەکە لە رێگەی ئاژەڵ و مێشوولەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ.
تاکە تووشبووی تای خوێنبەربوون لە سلێمانی چاکبووەوە و بە گوڵ رەوانەی ماڵەوە کرایەوە
— Rudaw (@Rudawkurdish) July 13, 2023
تەندروستیی سلێمانی دەڵێت، ئەم ژنە تەمەنی 45 ساڵە و خەڵکی چوارقوڕنەیە، یەکەم و تاکە تووشبووی تۆمارکراوی تای خوێنبەربوونە لە سلێمانی و دوای وەرگرتنی چارەسەر و باشبوونی تەندروستیی، رەوانەی ماڵەوە… pic.twitter.com/q768kWgRWr