CDC: ژمارەی تووشبووانی نەخۆشیی فرەجووڵەیی لە زیادبوونە
رووداو - تەندروستی
ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا CDC رایدەگەیێنێت، ژمارەی تووشبووانی نەخۆشیی فرەجووڵەیی لە ئەمریکا لە زیادبوونە و کەمیی دەرمان کاریگەری لەسەر چارەسەرکردن هەیە.
ناوەندەکە ئاماژە بەوەدەکات، نزیکەی 6%ی گەورەساڵانی ئەمریکا تووشی نەخۆشیی فرەجووڵەیی ADHD بوون و زۆرینەی تووشبووان چارەسەری کاریگەر بۆ ئەو نەخۆشییە وەرناگرن.
ئەم ناوەندە دەریدەخات، لە ماوەی 12 مانگی رابردوو 71.5٪ـی تووشبووانی نەخۆشیی فرەجووڵەیی دەرمانی پێویستیان دەستنەکەوتووە.
بەگوێرەی CDC، دەستنەکەوتنی دەرمانی فرەجووڵەیی لە رێگەی ئاسایی وادەکات پەنا ببردرێتەبەر ئینتەرنێت و کڕینی ئۆنلاین بەمەش ئەگەری بڵاوبوونەوەی دەرمانی ساختە زیاتر دەبێت.
بەپێی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا CDC، زیاتر لە 15.5 ملیۆن کەسی پێگەیشتوو لە ئەمریکا تووشبووی نەخۆشی فرەجووڵەیین.