سۆماڵ: هەڵمەتی سەرتاسەریی کوتان دژ بە ئیفلیجیی منداڵان دەستپێدەکات
رووداو - تەندروستی
سندوقی فریاگوزاریی نێودەوڵەتی بۆ منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان ناسراو بە یونیسێف رایدەگەیێنێت، سۆماڵ هەڵمەتێکی گەورەی کوتان دژ بە ئیفلیجیی منداڵانی دەستپێکردووە و ئامانج لێی کوتانی زیاتر لە چوار ملیۆن منداڵی خوار تەمەنی پێنج ساڵە.
یونیسێف ئاماژە بەوەدەکات، ئەم هەڵمەتە هەوڵێکی هاوبەشی وەزارەتی تەندروستیی سۆماڵ، یونیسێف و رێکخراوی تەندروستیی جیهانییە، هەڵمەتەکە لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری سۆماڵ دەستیپێکردووە و وردە وردە درێژدەبێتەوە بۆ ویلایەتی نیمچە سەربەخۆی پۆنتلاند و ناوچەکانی دیکە.
دکتۆر ئوباح فەرەح، نوێنەری یونیسێف لە سۆماڵ دەڵێت، ''ئەم جۆرە هەوڵانە بۆ تەندروستیی گشتی پێویستن، هەوڵدەدەین پێشگیری لەبڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئیفلیجی منداڵان بکەین و بنبڕی بکەین".
نوێنەری یونیسێف دەشڵێت، سەرکەوتنی ئەم جۆرە هەڵمەتانە پەیوەستە بە هاوکاری کۆمەڵگە و کارمەندانی چاودێریی تەندروستی، کە رووبەڕووی چەندین ئاڵنگری دەبن لە گەیشتن بە هەموو منداڵانی ناوچە جیاوازەکان.
بەگوێرەی یونیسێف، باشووری ناوەڕاستی سۆماڵ بەردەوامە لە ئەزموونکردنی ئاستەنگیەکان لە کۆنتڕۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی ئیفلیجی منداڵان بەهۆی زۆری ژمارەی دانیشتووان، ناڕێکی سیستمی تەندروستی و ململانێی بەردەوام.