WHO: کێشەکانی دەرووندروستی لە نێو گەنجان لەزیادبوونن

رووداو - تەندروستی 

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO رایدەگەیێنێت، کێشەکانی دەرووندروستی لە نێو گەنجان بەشێوەیەکی بەرچاو لەزیادبوونن و گەنجانی هیندستان بەراورد بە شوێنەکانی دیکە زیاتر بەدەست ئەم کێشانە دەناڵێنن.

رێکخراوکە ئاماژە بەوەدەکات، لە ساڵی 2020 تەنها 9.3٪ـی گەنجانی هیندستان کە تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 25 ساڵە نیشانەکانی خەمۆکی و دڵەراوکێیان هەبوو، ئەم رێژەیە لە ساڵی 2022 بۆ 16.8٪ بەرزبووەوە و لە ساڵی 2023 بۆ 30٪ زیاددیکردووە. 

دکتۆر ساوراب مێهرۆترا، پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونیەکان لە نەخۆشخانەی مێدانتا لە هیندستان دەڵێت، ''رۆژانە گەنجان رووبەڕووی گوشاری دەروونی و دڵەڕاوكێی زۆر دەبن، تێگەیشتن لێیان و دۆزینەوەی هۆکارە بنەڕەتییەکان یارمەتی چارەسەرکردن دەدەن''. 

بە گوێرەی WHO، خەمۆکی، دڵەڕاوکێ و گوشاری دەروونی هۆکاری سەرەکی کێشە دەروونییەکانن، زێدەڕۆیی لە بەکارهێنانی سۆشیال میدیا، زۆری گوشار لە ماوەی خوێندن و خراپی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان کاردەکەنە سەر ئەم هۆکارانە، دەبێت دایک و باوکان، مامۆستایان و چاودێرانی تەندروستی ژینگەیەکی پاڵپشت و تەندروست بۆ گەنجان بڕەخسێنن.