لە گەرمیان کارمەندانی خۆبەخشی تەندروستی بەهۆی دانەمەزراندنیان بایکۆتی کاریان کردووە

رووداو - تەندروستی

لە گەرمیان بەهۆی دانەمەزراندنیان کارمەندانی خۆبەخشی تەندروستی، بایکۆتی کاریان کردووە، پەرستارێکیش دەڵێت: ''زیاتر لە پێنج ساڵە خۆبەخشین و ئومێدی دامەزراندن و بوون بە گرێبەستیشمان نییە''.
 
خۆبەخشانی تەندروستیی گەرمیان دەڵێن، تاوەکو دانەمەزرێین ناگەڕێینەوە نەخۆشخانەکان، لە کاتێکدا ژمارەی ئاو کارمەندانەی کە لە ناوەندەکانی تەندروستی لە گەرمیان بە خۆبەخشانە کاریان کردوە نزیکەی 800 کارمەندە.
 
بەڕێوەبەری تەندروستیی گەرمیان داوای لە وەزارەتی تەندروستی کردووە بۆ ئەوەی 400 کارمەندی بۆ دابمەزرێنت کە خۆبەخشانە کاریان کردووە لە نەخۆشخانەکان، رزگار لەتیف، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار دەڵێت: خۆبەخشەکان مافی خۆیانە بایکۆت بکەن.
 
ئیدریس ملکۆ زیاتر لە شەش ساڵە لە سێ نەخۆشخانەی گەرمیان خۆبەخشانە داوامی دەکرد و
دەرچووی بەشی پەرەستارییە لە دوای تەواکردنی خوێندنەکەی بەهیوای دامەزراندن دەستی کرد بە خۆبەخشی، بەڵام هەر لە  چاوەڕوانیدا مایەوە و دانەمەزرا.
 
ئێستا ئەو لە دەرمانخانەیەک مانگە بە 350 هەزار دینار کاردەکات و بژێوی خێزانێکی چوار کەسی لەسەرە.