زانکۆی هارڤارد: سوپاسگوزاری تەمەن درێژدەکات
رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی زانکۆی هارڤارد لە ویلایەتی ماساچوسێتس ئاشکرای دەکات، سوپاسگوزاری جگە لەوەی لایەنی دەروونی باش دەکات، هۆکارێکیشە بۆ تەمەندرێژی و هاندانی تاک بۆ شێوازی ژیانی تەندروست.
توێژینەوەکە لە سکووڵی تەندروستیی گشتیی زانکۆی هارڤارد لەسەر 50 هەزار بەساڵاچوو کرا و دەرکەوت، ئەوانەی لەگەڵ دەستپێکی بەساڵاچوونیان سوپاسگوزار بوون زیاتر ژیاون بەراورد بەوانەی ناڕازیبوون بەرامبەر ژیان و دەوروبەریان.
ینگ چێن، پسپۆڕی پەتازانی و یەکێک لە نووسەرانی توێژینەوەکە دەڵێت: سوپاسگوزاری ئەگەری تووشبوون بە دڵەڕاوکێ و خەمۆکی کەمدەکاتەوە لەنێو بەساڵاچووان.
هەروەها دەشڵێت: ''کەسی سوپاسگوزار هەمیشە لایەنی سۆزداری و کۆمەڵایەتی باشە و بە ئەرێنییانە بیردەکاتەوە کە ئەمە دەکرێت بۆ بەساڵاچووان گرنگ بێت تاوەکو لایەنی دەروونییان بە بەهێزی بهێڵنەوە و هاوکاریان بێت بۆ تەمەنێکی درێژتر''.
توێژینەوەکە ئاماژە بەوەشدەکات، لە سێ ساڵدا زۆرینەی ئەوانەی گیانیان لەدەستدابوو، سوپاسگوزار نەبوون و پابەند نەبوون بە شێوازی ژیانی تەندروستەوە، کەواتە دەشێت سوپاسگوزاری هاندەرێک بێت بۆ پابەندیی زیاتر بە شێوازی ژیان و خووە تەندروستەکانەوە.
لە بەرنامەیەکی دکتۆر ئاراس دا باسی ئەو خۆراکانە دەکرێت کە تەمەن کورتدەکەنەوە؛