تەندروستیی جیهانی: هێشتا کۆرۆنا هەڕەشەیەکی گەورەیە
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، کۆرۆنا چیدیکە بارێکی لەناکاوی جیهانی نییە، بەڵام هێشتا هەڕەشەیە و تەنیا لە مانگی 12ـی ساڵی رابردوو، لانیکەم 10 هەزار کەسی کوشتووە.
تێدرۆس ئەدهانۆم گیبرێسوس، سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی چوارشەممە 10-1-2024، رایگەیاند "هەرچەندە ئێستا کۆڤید-19 حاڵەتێکی لەناکاوی تەندروستیی جیهانی نییە، بەڵام لە بڵاوبوونەوە و کوشتن بەردەوامە."
رێکخراوەکە دەڵێت، بەهۆی کۆبوونەوە و ئاهەنگەکانی کریسمس و سەری ساڵ، تەنیا لە مانگی 12ـی ساڵی رابردوو نزیکەی 10 هەزار کەس بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی سەرۆکی ئەو رێکخراوە، لە ئەوروپا و ئەمریکا بەراورد بە مانگی 11، نزیکەی 42٪ـی خەواندن لە نەخۆشخانە و 62٪ خستنە ژێر چاودێریی چڕ بەهۆی کۆڤید19ـەوە زیادیکردووە.
تێدرۆس ئەدهانۆم دەڵێت، دڵنیان لەوەی لە وڵاتانی دیکەش حاڵەت زۆرن و "هێشتا راپۆرتمان پێ نەگەیشتووە." پێویستە حکومەت و تاکەکانی کۆمەڵگە لە خۆپارێزی بەردەوام بن، چونکە مردنی 10 هەزار کەس بە کۆرۆنا جێگەی قبووڵکردن نییە.
ئەو بەرپرسە لە لێدوانێکی دیکەیدا داوای لە حکومەتی وڵاتان کرد، بەردەوام بن لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشە گەورەیە و تێستی کۆرۆنا بەردەوام لە تاقیگە و ناوەندە تەندروستییەکان هەبێت.
تێدرۆس لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی، "داوا لە هەموو خەڵک دەکەین ڤاکسین وەربگرن، تێست بکەن، ماسک بەکاربهێنن و خۆیان بپارێزن. لە شوێنی قەرەباڵخ و داخراو نەمێننەوە و شوێنەکان هەواگۆڕکێیان هەبێت."
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە ئاداری 2023 بە فەرمی رایگەیاندبوو، چیدیکە کۆرۆنا ڤایرۆسێکی جیهانی نییە، ئەمەش دوای سێ ساڵ لە یەکەم بڵاوبوونەوەی لە وهانی چین.
تەندروستیی جیهانی دەڵێت، تائێستا شەش ملیۆن و 966 هەزار و 45 کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهان گیانیان لەدەستداوە. هەروەها، لە 229 وڵات و هەرێمدا نزیکەی 701 ملیۆن و 413 هەزار و 950 کەس تووشی ئەو ڤایرۆسە بوون.
رۆژی 6-1-2024 ناوەندی کۆنترۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان (CDC) لە ئەمریکا رایگەیاند، جۆرێکی نوێی کۆرۆنا بڵاوبووەتەوە، چەند نیشانەیەکی گۆڕاوی هەیە و ناوی ڤایرۆسەکە JN.1ـیە. بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، گۆڕاوە نوێیەکە بۆ یەکەمجار لە ئەمریکا بڵاوبووەتەوە.
د. ویلیام شافنەر، پسپۆری نەخۆشییە گوازراوەکان لە ئەمریکا دەڵێت: ئەم جۆرە نوێیەی کۆرۆنا نیشانەکانی لاوازترن، بەڵام بەخێرایی دەگوازرێتەوە و خۆی لە بەرگریی جەستەدا دەشارێتەوە.
بەگوێرەی CDC، نیشانەکانی گۆڕاوە نوێیەکانی کۆرۆنا بریتین لە 'هەوکردنی قوڕگ، دەردراوی لووت، کۆکە، بێهێزی، سەرئێشە، ئازاری ماسوولکەکان، لەرز و تا'، بەڵام تووشبووانی جۆری JN.1 نیشانەکانی دڵەڕاوکێ و خەواڵووییشیان هەبووە.
لە بەریتانیاش دەزگای ئاسایشی تەندروستیی وڵاتەکە ئاشکرای دەکات، ژمارەی تووشبووانی ئەنفلەوەنزا شەش ئەوەندە بەرزبووەتەوە و بەساڵاچووان زۆرترین ئەوانەن کە بەهۆیەوە لە نەخۆشخانەکاندا خەوێندراون.