زانکۆی گۆتەنبێرگ: دەرمانێکی فێ دەشێت بۆ چارەسەری وەستانی هەناسە لە کاتی خەو بەکاربهێندرێت

رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەکی زانکۆی گۆتەنبێرگ لە سوێد دەریدەخات، دەرمانێکی نەخۆشیی فێ دەشێت هەناسەدانی کاتی خەوتن باشتر بکات و وەکو چارەسەر بۆ نەخۆشییەکە بەکاربهێندرێت. 
 
توێژینەوەکە ئاماژە بەوەدەکات، بەپێی ئەنجامی تاقیکردنەوە کلینیکیەکان کە ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی هەناسەدانی ئەوروپی لە ڤییەنا پێشکەشکرا، ئەو نەخۆشانەی کە دەرمانی 'Sulthiame' بەکاردەهێنن وەستانێکی کەمتری هەناسەیان لە کاتی خەوتندا هەبووە، هەروەها ئاستی ئۆکسجینی خوێنیان بەرزتر بووە.
 
د، ژان هێدنەر، سەروپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، ''دەرمانی سولسیام وەستانی هەناسەدان لە کاتی خەودا بە ڕێژەی 40% بۆ 50% کەمدەکاتەوە''. 
 
بەگوێرەی توێژینەوەکە، 'سولسیام' لە ئەورووپا بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیی فێ بەکاردەهێندرێت بەڵام تاوەکو ئێستا لەلایەن دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا پەسند نەکراوە.