ئەپڵ بۆ ئەوانەی توانای بیستنیان لاوازە، تایبەتمەندیێکی ناوازە زیاددەکات
رووداو - تەندروستی
کۆمپانیای ئەپڵ رایدەگەیێنێت، لە نوێترین تایبەتمەندییەکانی ئەیرپۆدی ئەمساڵ ئامێری بیستنی ناوەکی تێدا زیادکراوە کە توانای بیستن باشتردەکات.
کۆمپانیای ئەپڵ دەریدەخات، تایبەتمەندی ئامێری بیستن زیادکراوە بۆ ئەوانەی لەدەستدانی بیستنیان سووک بۆ مامناوەندە، بەکارهێنەران پشکنینی بیستن لەسەر ئایفۆن یان ئایپادەکان دەکەن کە iOS 18 بەکاردەهێنن، پاشان ئەیرپۆدەکانیان "رێکخستنی داینامیکی کەسی" دەکەن بۆ ئەوەی بەباشی گوێیان لە دەنگەکان ببێت.
ئەپڵ لەنمایشی راگەیاندنی بەرهەمە نوێیەکانی ئاماژە بەوەدەکات، "ئەمە یارمەتی ئەو کەسانە دەدات کە توانای بیستنیان لاوازە، بتوانن باشتر بەشداری گفتوگۆ بکەن و پەیوەندی لەگەڵ کەس و ژینگەی دەوروبەریانەوە ببەستن''.
کۆمپانیای ئەپڵ جیا لە تایبەتمەندی بیستن، تایبەتمەندیێکی نوێی کاتژمێری ئەپڵیشی راگەیاند کە هەست بە وەستانی هەناسەدان لە کاتی خەودا دەکات، هەر 30 رۆژ جارێک کاتژمێری ئەپڵ زانیاری تێکچوونی هەناسەدان شی دەکاتەوە و بەکارهێنەرانی ئاگادار دەکاتەوە بۆ ئەوەی بتوانن لەگەڵ پزیشکی پسپۆڕ راوێژ بکەن و چارەسەر وەربگرن.