ڤایرۆسێکی کوشندە لە رۆژئاوای ئەفریقیا بڵاودەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند، بەرپرسانی گینیا تووشبوونی کەسێکیان بە ڤایرۆسی ماربێرگ پشتڕاستکردووەتەوە، ئەوەش دەبێتە یەکەمین تووشبووی ڤایرۆسە کوشندەکە لە رۆژئاوای ئەفریقا.
دکتۆر ماتشیدیزۆ مۆیتی، بەڕێوەبەری هەرێمیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، رۆژی دووشەممە ئاماژەی بەوە کرد، ڤایرۆسەکە توانای ئەوەی هەیە بە خێرایی بڵاوببێتەوە و دوور بڕوات، بۆیە هۆشداریی دا، کە پێویستە ڤایرۆسەکە پێش ئەوەی بگاتە ئەو ئاستە، رێگەی لێبگیرێت.
راگەیێندراوەکەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی کە رۆژی دووشەممە بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت تووشبووەکەی ئەو ڤایرۆسە لە باشووری گینیا تۆمارکراوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە ئەم ڤایرۆسە یەکەمینجارە لەو وڵاتە و تەواوی رۆژئاوای ئەفریقادا تۆماربکرێت.
بەگوێرەی WHO، ڤایرۆسەکە بە خێرایی لە کەسێکەوە بۆ یەکێکی دیکە دەگوازرێتەوە و دەبێتە هۆی گرانەتا و خوێنبەربوون.
ئەم ڤایرۆسە لە خێزانی ئەو جۆرەیە، کە دەبێتە هۆی نەخۆشیی ئیبۆلا، کە ئەویش نەخۆشیێکی خێرا گوێزەرەوەی کوشندەیە.
ئەم دۆزینەوەیەی گینیا تەنیا دوو مانگ دوای ئەوە دێت، کە رێکخراوە تەندروستییە جیهانییەکە رایگەیاند بەرپابوونی دووەمی ئیبۆلا کۆتایی هاتووە، کە ساڵی رابردوو دەستیپێکرد و بووە هۆی گیانلەدەستدانی 12 کەس.