توێژینەوەیەک: پاشەکەوتکردنی پارە خەو خۆشدەکات

رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەک لە بەریتانیا ئاشکرای دەکات، ئەوانەی پارە کۆدەکەنەوە و پاشەکەوتیان زۆرە خەوخۆشن و باش دەخەون.
 
توێژینەوەکە لە زانکۆی بریستڵ لە ئینگلاند کرا و دەرکەوت، پاشەکەوتکردنی پارە تەنانەت بە بڕێکی کەمیش بێت، هۆکارێکی دڵخۆشییە و ئارامی و گەشبینیی کەسەکە زیاتردەکات، بەمەش کوالێتیی خەوی باش دەبێت.
 
سەنتەری توێژینەوەی دارایی سەر بە زانکۆکە دەڵێت، لە هەر شەش کەسێکی بەریتانی، 10ـیان مانگانە پارەکانیان پاشەکەوت دەکەن، هەروەها ئەوانەی پاشەکەوتیش دەکەن رەزامەندییان بۆ ژیان زیاترە بەراورد بەوانەی هیچ بڕەپارەیەک پاشەکەوت ناکەن.
 
هاوکات کونسوڵی نیشتمانیی بەساڵاچووان پشتڕاستی دەکاتەوە، پاشەکەوتکردنی پارە دڵەڕاوکێ و گوشاری دەروونی کەمدەکاتەوە و وا لە بەساڵاچووانیش دەکات، خەمی داهاتوویان نەبێت.