بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەکەلی لە هەولێر: ساڵانە ژمارەی تووشبووانمان زیاددەکات
رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەکەلی تایبەت بە شێرپەنجە لە هەولێر رایدەگەیێنێت، ساڵانە ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەکە زیاددەکات، پێشبینیدەکات زیاتر لە 1800 تووشبووی نوێ تۆمارکرابن.
ئەمڕۆ هەیینی 10-1-2024 د. هەردی جەواد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەکەلی تایبەت بە شێرپەنجە لە هەولێر و پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خوێن و شێرپەنجە بە رووداوی راگەیاند، بە گشتی دەرمان بۆ زۆرێک لە شێرپەنجەکان بەردەستن و دەستدەکەون، بەڵام هەندێک شێرپەنجە یاخود نەخۆشی دەگمەنن، دەرمانەکانیشیان بە ئەستەم دەستدەکەوێت.
د. هەردی جەواد دەڵێت: ''لە سەرەتای 2024 تاوەکو مانگی 10 زیاتر لە هەزار و 800 فایلیان کردووەتەوە بۆ تووشبووی نوێ کە هەندێکیان ناشێرپەنجەیین''، ئەوەش باسدەکات، بەشێکی نەخۆشەکانیان هی پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و عێراقن.
ئەو پسپۆڕە هۆکاری زیادبوونی ژمارەی تووشبووان بۆ زیادبوونی رێژەی دانیشتووان و هەڵکشانی تەمەن دەگەڕێنێتەوە، و هەریەک لە جگەرە، نێرگەلە، ڤەیپ و کحولیش بە هۆکار دادەنێت.
بەگوتەی د. هەردی جەواد، بەرکەوتن بەو پلاستیکانەی کە مادەی PFASـیان تێدایە ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە زیاددەکەن و دەڵێت، لە هەرێمی کوردستان پێوانەیەک نییە بۆ بڕی ئەو مادەیە لەنێو مادە پلاستیکییەکان بەتایبەت بۆ پێچانەوەی خۆراک.
بەپێی CDC، رێگەکانی پێشگیریکردن لە شێرپەنجە ئەمانەن؛
* خۆراکی تەندروست
* کەمخواردنی خۆراکە لەقوتوونراوەکان و خۆراکە خێراکان
* نەکێشانی جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپ
* دوورکەوتنەوە لە کحول
* وەرزش
* کێشڕێکی
* ژینگەی خاوێن
* خۆپاراستن لە تیشکە زیانبەخشەکان