پسپۆڕێک: کێشانی جگەرە و نێرگەلە هۆکارێکی باوە بۆ رەپنەبوونی چووک
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێک رایدەگەیێنێت، ئێستا نەخۆشێکی زۆر دەبینین کە بەهۆی چەند هۆکارێکی باوەوە چووکیان رەپ نابێت، کە باوترینیان کێشانی جگەرە و نێرگەلە، قەڵەوی و کێشەکانی غودەیە.
د. رەوا عومەر، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی گورچیلە، میزەڕۆ و نەزۆکیی پیاوان بە رووداوی گوت، دەشێت کۆنتڕۆڵنەکردنی شەکر و پەستانی خوێن هۆکاربێت بۆ لاوازیی سێکسیی پیاوان.
پیاوانیش ئاگاداردەکاتەوە لەوەی کە چەند خۆراکێک بۆ بەهێزبوونی توانای سێکسییان بخۆن.
دەقی وەڵامەکانی د. رەوا عومەر، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی گورچیلە، میزەڕۆ و نەزۆکیی پیاوان لەبارەی کێشەی رەپنەبوونی چووک؛
رووداو: باوترین هۆکارەکان بۆ رەپنەبوونی چووک چین؟
د. رەوا عومەر: هۆکارەکان زۆرن بەڵام دەکرێت باوترینیان ئامانەبن؛
- کێشانی جگەرە و نێرگەلە
- نەخۆشیی شەکرە
- گەورەبوون و هەوکردنی پڕۆستات
- قەڵەوی
- خواردنەوەی کحول
- ناڕێکیی هۆرمۆنەکان
- بەشێک لە نەخۆشییە دەروونییەکان
- کاریگەریی لاوەکیی بەشێک لە دەرمانەکان وەکو 'دەرمانەکانی بەرزەپەستانی خوێن و خەمۆکی'
- بەساڵداچوون
رووداو: لە چ تەمەنێکدا رەپنەبوونی چووک زیاترە؟
د. رەوا عومەر: باوترین تەمەن بۆ رەپنەبوونی چووک لەنێوان تەمەنی 50 بۆ 59 ساڵە، بەجۆرێک 25٪ـی پیاوانی ئەو تەمەنە تووشی لاوازیی سێکسی دەبن، بەڵام لە کەسانی خوار 40 ساڵان رێژەکە کەمتر دەبێتەوە.
رووداو: ئایا چارەسەر بە دەرمان بۆ رەپنەبوونی چووک هەیە؟
د. رەوا عومەر: کۆمەڵێک چارەسەر هەن کە پێویستە لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە هۆکاری رەپنەبوون دیاریبکرێت و بەپێی ئەوە چارەسەری بۆ بنووسرێت، بەجۆرێک دەرمان یاخود نەشتەرگەری بۆ بەکاربێت.
رووداو: کاریگەرییەکانی رەپنەبوونی چووک چییە لەسەر پیاوان؟
د. رەوا عومەر: لە رووی دەروونییەوە کاریگەرییەکی زۆر لەسەر پیاوان دەکات، چونکە ئارەزووی سێکسییان لاوازدەکات، بۆیە زۆر پێویستە کە بەدوای هۆکاری نەخۆشییەکەیان بگەڕێن بۆ ئەوەی بە زووترین کات چارەسەربکرێن.
رووداو: ئایا هیچ خۆراکێک یاخود رۆتینێک هەیە یارمەتیدەربێت لە رەپبوونی چووک؟
د. رەوا عومەر: باشترین رۆتین ئەوەیە کە وەرزش بکرێت تاوەکو شەکر و پەستانی خوێن کۆنتڕۆڵبکرێن، بەمەش یارمەتیدەردەبێت لە باشترکردنی ئارەزووی سێکسی و رەپبوونی چووک، هەروەها هەریەک لە {چەوەندەر، سیر، پیاز، شاتوو، هەنار، مانگۆ، ترێ، ماسی، هێلکە، ئاڤۆگادۆ، خەیار، بیبەر و جەرجیل} توانای سێکسی بەهێزدەکەن و یارمەتیدەردەبن لە باشترکردنی رەپبوونی چووک.
رووداو: ئایا هیچ خۆراکێک یاخود رۆتینێک هەیە ببێتەهۆی رەپنەبوونی چووک؟
د. رەوا عومەر: ئێستا نەخۆشێکی زۆر دەبینین کە بەهۆی چەند هۆکارێکی باوەوە چووکیان رەپ نابێت، کە باوترینیان کێشانی جگەرە و نێرگەلە، قەڵەوی و کێشەکانی غودەیە، هەروەها بەشێکی زۆری نەخۆشەکانیش بەهۆی کەمجووڵەییەوە دووچاری کێشەکە بوون.