نەخۆشخانەی رزگاری: ئەو خانمەی دوای دەرزیلێدان لە چاودێریی چڕ خەوێنرا، ئێستا تەندروستە

رووداو - تەندروستی 

بەرپرسی یەکەی چاودێریی چڕ لە نەخۆشخانەی فێرکاریی رزگاری لە هەولێر رایدەگەیێنێت، ئەو خانمەی دوای لێدانی دەرزی دۆخی تێکچوو و رەوانەی چاودێریی چڕ کرا، ئێستا تەندروستیی جێگیرە.
 
ئەمڕۆ شەممە 9-11-2024 سەنگەر مامەند، بەرپرسی یەکەی چاودێریی چڕ لە نەخۆشخانەی فێرکاریی رزگای لە هەولێر بە رووداوی راگەیاند، دۆخی تەندروستیی خانمەکە زۆر باشە و لەژێر ئامێری هەناسەدانی دەستکرد نەماوە.
 
سەنگەر مامەند دەڵێت: دوێنێ شەو {شەوی پێنجشەممە 8-11-2024} کەیسەکەیان وەرگرتووە و لە چاودێریی چڕ دایانناوە، ئەمڕۆش بە تەواوی لە نیشانەکانی چاکبووەتەوە و مەترسی لەسەر ژیانی نەماوە.
 
ئەوەشی گوت کە خانمەکە بەهۆی بەکارهێنانی دەرزییە دژەهەوکردنەکانەوە تووشی هەستیارییەکی تووند بووبوو و روخساری ئاوسابوو و بە قورسی هەناسەی دەدا.
 
لە کۆتاییدا گوتیشی، بڕیارە دوای 24 کاژێر لە چاودێریکردنی تەندروستیی، رەوانەی ماڵەوە بکرێتەوە.
 
لە گەڕەکی شاوەیسی هەولێر ژنێک دوای لێدانی دەرزی لە نۆرینگەیەکی لاکۆڵان، تەندروستیی تێکدەچێت و رەوانەی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی رزگاری دەکرێ.
 
محەممەد عیزەددین برای ژنەکە ئەمڕۆ لەبەردەم نەخۆشخانەکە لێدوانێکیدا و گوتی، تەلەفۆنم بۆ هات و پێیان گوتم: خوشکم دۆخی تەندروستیی زۆر خراپە. دەرزیی ئیلتهاباتی لێداوە و بەهۆیەوە هەستیاری بۆ دروستبووە و لەهۆش خۆی چووە.


لێرەوە هۆکار و پێشگیریکردن لەم کێشەیە بزانە؛

لەم راپرسییەی رووداوی تەندروستی، چەند کەسێک ئاماژەیان بە تووشبوون بە هەستیاری داوە دوای دەرزیلێدان.