ئیدارەی بایدن: چاودێریی دەرووندروستی دەخرێتە نێو بیمەی تەندروستی

رووداو - تەندروستی 

ئیدارەی بایدن رایدەگەیێنێت، پێشنیازکراوە چارەسەرییەکانی دەرووندروستی وەکو' خەمۆکی، دڵەڕاوکێ و ئالوودەبوون بە هەمان شێوەی تەندروستیی جەستەیی بخرێنە نێو بیمەی تەندروستییەوە. 
 
ئیدارەی بایدن ئاماژە بەوەدەکات، زۆرێک لە هاووڵاتییان رووبەڕووی بەربەستی دارایی دەبنەوە لەکاتی داواکردنی چاودێریی تەندروستی، کەمتەرخەمی لە دابینکردنی بیمەی تەندروستیی بۆ چارەسەرییە دەروونییەکان هەیە و دەبێت جێبەجێکارانی بیمەی تەندروستی، چارەسەریی دەرووندروستی بۆ خەڵک ئاسانبکەن. 
 
لیزا گۆمێز، یاریدەدەری سکرتێری ئاسایشیی یارمەتییەکانی کارمەندان لە وەزارەتی کار لە ئەمریکا دەڵێت، ''کاتێک هەست بە خەمۆکی دەکەیت هەمان شتە کە هەست بە ئازاری پشت دەکەیت، ناکرێت چارەسەرییە دەروونییەکان وەکو چارەسەریی جەستەیی ئەژمار نەکرێن''. 
 
بە گوێرەی ئیدارەی بایدن، ئەم کارە وەکو بەشێک لە هەوڵێکی فراوانتر بۆ یارمەتیدانی ئەمریکییەکان بۆ دەستڕاگەیشتن بە چاودێریی دەرووندروستی ناودەبردرێت.