توێژینەوەیەک: بەرگری دژی ئەنسۆلین ئەگەری پێشوەختە گیانلەدەستدان زیاددەکات

رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەکی زانکۆی شەندۆنگ لە چین دەریدەخات، بەرگری پەیداکردن دژی ئەنسۆلین ئەگەری تووشبوون بە چەندین نەخۆشیی زیاددەکات و هۆکارێکی پێشوەختە گیانلەدەستدانە. 
 
لەم توێژینەوەیەدا 430 هەزار کەس بەشداریان کردووە و دەرکەوتووە، جیا لە تووشبوون بە شەکرە، بەرگری دژی ئەنسۆلین ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان زیاددەکات، هەروەها دەبێتە هۆی تووشبوون بە کێشەکانی کۆئەندامی هەرس.
 
جینگ وو، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، ''دەبێت هاوڵاتییان شێوازی ژیانی تەندروست جێبەجێبکەن، جووڵە بکەن و خۆیان لە قەڵەوی بپارێزن بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بەم نەخۆشییانە."
 
بەگوێرەی ئەم توێژینەوەیە، بەرگری پەیداکردن دژی ئەنسۆلین کاتێک روودەدات کە خانەکانی ماسوولکەکان، چەوری و جگەر بە باشی وەڵامی هۆرمۆنی ئەنسۆلین نادەنەوە و ناتوانن بە ئاسانی گلوکۆز لە خوێندا هەڵبمژن.
 
بەپێی پەیمانگەی نیشتمانیی ئەمریکا بۆ نەخۆشیەکانی شەکرە، هەر یەکە لە جگەرەکێشان، قەڵەوی، کەمی چالاکیی جەستەیی و هەڵکشانی تەمەن هۆکاری دروستبوونی بەرگری دژ بە ئەنسۆلین.