وەزارەتی تەندروستیی عێراق: ئەمساڵ 67 کەس تووشی تای خوێنبەربوون بوون


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی تەندروستیی عێراق دەڵێت، ئەمساڵ 67 تووشبووی تای خوێنبەربوونیان لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق تۆمارکردووە؛ لەنێویاندا 10کەسیان گیانیان لەدەستداوە، پارێزگای زیقار زۆرترین ژمارەی تووشبوونی تێدا تۆمارکراوە. گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت: "ئەمساڵ هیچ تووشبوویەک بە تای خوێنبەربوون تۆمارنەکراوە."
 
سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق لەبارەی دوایین ئاماری نەخۆشیی تای خوێنبەربوون رایگەیاند، "لەسەرەتای ئەمساڵەوە 67 تووشبوو بە تای خوێنبەربوونمان تۆمارکردووە، لەو ژمارەیە 10 کەسیان گیانیان لەدەستدا." گوتیشی، "پارێزگای زیقار لە پلەی یەکەم دێت لە ژمارەی گیانلەدەستدان بەو هۆیەوە کە 5 کەسن، دوای ئەویش پارێزگای بەسرا و موسەنا و نەجەف."
 
رۆژی سێشەممە، 9-5-2023، د. ئاسۆ حەوێزی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لەبارەی تای خوێنبەربوون و تۆمارکردنی کەیسی تووشبوو بە رووداوی گوت: "ئەمساڵ هیچ نەخۆشێکمان بە تای خوێنبەربوون تۆمارنەکردووە."
 
د. حەیدەر حەنتوش، بەڕێوەبەرى یەکەى نەخۆشییە گوازراوەکان لە بەڕێوەبەرایەتیى تەندروستیى پارێزگاى زیقار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نەخۆشییەکە ئەمساڵ زووتر دەرکەوت، بۆیە پێشبینی دەکەین لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما ئەو ژمارەیە زۆر زیاتر بێت و ئەمساڵ ژمارەیەکی زیاتر لە ساڵی پار تۆمار بکەین."
 
تای خوێنبەربوونی کریمیا-کۆنگۆ بە چەندین رێگە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، دەکرێت بە سووکی تووشی بکات و زۆر جاریش دەبێتە هۆی مردن.
 
ئەو ڤایرۆسەی دەبێتەهۆی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1944 لە کریمیا دۆزرایەوە، هەربۆیە ناوی لێنرا پەتای خوێنبەربوونی کریمیا، لە ساڵی 1956 نەخۆشییەکی هاوشێوە لە کۆنگۆی دیموکرات دۆزرایەوە، لە ساڵی 1969 دەرکەوت کە ڤایرۆسی کریمیا و کۆنگۆ هاوشێوەن، بۆیە ناوی هەردوو ناوچەکەی پێوە لکێندرا.
 
تای خوێنبەربوون بە چەندین رێگە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و دەکرێت مرۆڤ بە سووکی تووشی بێت و لە زۆر باریشدا دەیکوژێت، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت: رێژەی مردن لەنێو تووشبووان 10٪ بۆ 40٪ـە. ڤایرۆسەکە لە رێگەی ئاژەڵ و مێشوولەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ.
 
ساڵی 2022 تای خوێنبەربوون سەرەتا لە پارێزگاى زیقارى باشوورى عێراق بڵاوبووەوە، کە ژمارەى دانیشتووانى زیاتر لە دوو ملیۆن کەسە.