پزیشکانی فەرەنسا ژیریی دەستکرد بۆ خێرا دەستنیشانکردنی شێرپەنجە بەکاردەهێنن

رووداو - تەندروستی

لە پێشکەوتنێکی پزیشکیی دیکەدا لە فەرەنسا ژیریی دەستکرد بۆ چارەسەری شێرپەنجە بەکاردێت و پسپۆڕان دەڵێن، ژیرییەکە دەتوانێت ئەو خانانەش دەستنیشانبکات کە دەشێت ببنە خانەی شێرپەنجەیی.
 
لە نەخۆشخانەی بیسێت-ی پاریس، ژیریی دەستکرد بۆ پشکنینی شێرپەنجە بەکاردەهێنرێت، پرۆفیسۆر کاترین گەت یێر، سەرکردایەتیی پڕۆژەکە دەکات و دەڵێت: "ئەم پێشبینیەی کە لە رێگەی ژیریی دەستکردەوە دەکرێت، دەچێتە پاڵ شیکاری و پشکنینەکانی دیکە و پێشبینیکردنەکە وردتردەکات."
 
ژیریی دەستکرد یارمەتییان دەدات شانە شێرپەنجەییەکان بە وردی بدۆزنەوە و چارەسەری کیمیایی تەنیا لەو شانانە بدەن، بۆ ئەوەی چارەسەری ناپێویستی ئازاربەخش کە چەندین کاریگەریی لاوەکیی خراپی هەیە، لەکۆڵ تووشبووەکان بکرێتەوە.
 
ئەم پێشکەوتنە بە تایبەتی سوودی بۆ ئەو ژنانە دەبێت کە تووشی شێرپەنجەی مەمک بوون و گیرۆدەی کاریگەرییە لاوەکییەکانی چارەسەرە کیمیاییەکانی شێرپەنجەن.