چی بەسەر جەستەدا دێت، ئەگەر بەپێوە خۆراک بخورێت؟
رووداو - تەندروستی
خواردن و خواردنەوە لەکاتی وەستاندا بە خوویەک دادەنرێت کە زۆرکەس پێی وایە خووەیەکی سادەیە و کاریگەریی لەسەر تەندروستیی مرۆڤ نییە، بەڵام بەشێک لە توێژینەوە و پسپۆڕان کاریان لەسەر خووەکە کردووە و چەند راستییەکیان بۆ دەرکەوتووە.
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی هەناو لە زانکۆی باشووری کالیفۆرنیای ئەمریکا دەڵێت: بەپێوە وەستان لەکاتی خۆراک خواردندا هەرس ناڕێکدەکات و دەشێت کەسەکە تووشی گازەکانی گەدە بکات.
د. پێیتۆن بیرۆکیم، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو دەشڵێت: ئەوانەی بەپێوە نان دەخۆن خێراتریش خۆراکەکان قووتدەدەن.
هاوکات ئەوەش باسدەکات کە ئەوانەی کێشەی دڵەکزێ ''سووتانەوەی گەدە''ـیان هەیە، دەشێت بەپێوە خواردن سوودیان پێبگەیێنێت و دووچاری کێشەکە نەبن.
هەر بۆیە لەکۆتاییدا گوتی، هەر کەسێک زانی کە ئەگەر بەپێوە خۆراک بخوات کێشەی بۆ دروستدەبێت، ئەوا بە دانیشتنەوە خۆراک بخوات و گرنگ ئەوەیە دۆخەکەی لەگەڵ ئاسوودەیی خۆی بگونجێنێت.
بەپێی توێژینەوەیەکی زانکۆی ماستریخت لە هۆڵەندا دەشێت بەپێوە خواردن ئەم کاریگەرییانەی هەبێت؛
- کەمبوونەوەی هەڵمژینی مادە خۆراکییەکان
- زیادبوونی گوشاری دەروونی و نائاسوودەیی لەکاتی خواردندا
- هەرسکردن خێراتر دەکات و کەمتر جەستە سوود لە مادەکان وەردەگرێت
- کەسەکە زووتر هەست بە برسیەتی دەکات