ناوەندی باری نائاسایی تەندروستیی جیهانی: مانگی داهاتوو لە کۆنگۆ کوتان دژ بە 'ئاوڵەی مەیموون' دەستپێدەکات
رووداو - تەندروستی
ناوەندی باری نائاسیی تەندروستیی جیهانی رایدەگەیێنێت، تەندروستیی کۆنگۆ چاوەڕوانی گەیشتنی ژەمی ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی 'ئاوڵەی مەیموون'ـن و سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم کوتان دەستپێدەکرێت.
ناوەندەکە ئاماژە بەوەدەکات، هەفتەی رابردوو کاروانێکی ڤاکسینی 'ئاوڵەی مەیموون' گەیشتە پایتەختی کۆنگۆ کە ناوەندی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی 'ئاوڵەی مەیموون'ـە، لەم هەفتەیەشدا 100 هەزار ژەمی دیکە دابیندەکرێت، بەڵام کۆنگۆ پێویستی بە نزیکەی 3 ملیۆن ژەمە ڤاکسین هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکە.
کریس ئۆساکۆ، رێکخەری لیژنەی وەڵامدانەوەی 'ئاوڵەی مەیموون' لە کۆنگۆ دەڵێت، ''سەرەتا گەورەساڵانی پارێزگاکانی ئیکواتۆر، کیڤۆی باشوور و سانکورۆ دەکوترێن دواتر لە شوێنەکانی دیکەش هەڵمەتەکە دەستپێدەکات''.
بەگوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆل و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەفریقا CDC، زۆرترین تووشبووی 'ئاوڵەی مەیموون' لە کۆنگۆی دیموکرات تۆمارکراون و لەسەرەتای ساڵی 2024ـەوە 643 کەس بەهۆی نەخۆشییەکە لە کۆنگۆ گیانیانلەدەستداوە.