توێژینەوەیەک: تووتن نیشانەکانی لەبیرچوونەوە پێشدەخات

رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەک لە بەریتانیا دەریدەخات، دوورکەوتنەوە و وازهێنان لە تووتن و بایەخدانی زیاتر بە خوێندن و فێربوون ئەگەری تووشبوون بە لەبیرچوونەوە کەمدەکەنەوە.
 
توێژینەوەکە لە زانکۆی کۆلێژی لەندەن کرا و ئاماژە بەوەدەکات، تووتن هۆکارێکی نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێنە، زیان بە خانە دەمارییەکانی مێشک دەگەیەنێت و ئەگەری تووشبوون بە لەبیرچوونەوە زیاددەکات، بە پێچەوانەوە بایەخدان بە خوێندن خانەکانی مێشک چالاکدەکات و تووشبوون بە لەبیرچوونەوە کەمدەکاتەوە.
 
دکتۆر ناهید موقەدەم، مامۆستای زانکۆی کۆلێژی لەندەن دەڵێت، ''ئەم توێژینەوەیە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە رێنماییکردنی سیاسەتی تەندروستیی گشتی بۆ کەمکردنەوەی رێژەی لەبیرچوونەوە لە داهاتوودا."
 
بەگوێرەی ئەم توێژینەوەیە جیا لە تووتن، هەر یەک لە 'کحول، قەڵەوی، شەکرە، کەمیی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و پیسبوونی ژینگە' ئەگەرەکانی تووشبوون بە لەبیرچوونەوە زیاددەکەن.