پسپۆڕێکی خانمان: زۆرجار پشکنین بۆ پێشگیریکردنی خانمانە لە تووشبوون بە نەخۆشییەکان

رووداو - تەندروستی 

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون دەڵێت، کۆمەڵێک پشکنینی تەندروستی هەن پێویستە هەموو خانمێک لە تەمەنی جیاوازدا بیانکات، بەتایبەت پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجە.
 
رۆژی دووشەممە 8-5-2023 هاوتا لەگەڵ رۆژی جیهانیی پشکنینی تەندروستیی خانمان، دکتۆر ئاهەنگ دژوار لە بووڵتەنی نووڕۆژدا باسی لە بایەخی پشکنینی رۆتینی بۆ خانمان کرد و گوتی، پشکنینی رۆتینی دەکرێت رۆڵی پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان و زوو دەستنیشانکردنی چارەسەرییەکان هەبێت.
 
دکتۆر ئاهەنگ دژوار باس لەو پشکنینانە دەکات کە پێویستە هەر خانمێک بایەخیان پێ بدات و بیانکات وەکو 'پشکنینە شێرپەنجەییە باوەکان، پشکنینەکانی خوێن و چەورییەکان، هەروەها پشکنینی نەخۆشیی شەکرە و پەستانی خوێن'. 
 
ئەو پزیشکە ئەوەش ئاشکرادەکات کە مەرج نییە پشکنینەکان ساڵانە بکرێن، بەڵکو بەگوێرەی تەمەن و باری تەندروستیی کەسەکە پێویستە بکرێن؛ هەروەها دەشڵێت: ''شێرپەنجەی مەمک پێویستە دوای تەمەنی 40 ساڵی و شێرپەنجەی ملی منداڵدان دوای تەمەنی 25 ساڵی بکرێت.'' 
 
بە گوتەی پسپۆڕەکەی خانمان، هەندێک لە وڵاتان پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی ملی منداڵدان بووەتە رۆتین و خانمان دوای تەمەنی 25 ساڵی هەر سێ ساڵ جارێک دەیکەن، چونکە ساڵانە لە جیهاندا چەندین خانم بەهۆی شێرپەنجەی ملی منداڵدانەوە گیانلەدەستدەدەن. 
 
لەبارەی شێرپەنجەی ملی منداڵدانەوە روونی دەکاتەوە، بەر لەوەی نیشانەکانی شێرپەنجەکە دەربکەون، دەتواندرێت لە رێگەی پشکنینی پێشوەختەوە خانە شێرپەنجەییەکان بناسرێنەوە و کەسەکە لە قۆناخە سەرەتاییەکانی شێرپەنجەکە چارەسەر وەربگرێت.
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانیی رایدەگەیێنێت، شێرپەنجەی مەمک یەکەم هۆکاری گیانلەدەستدانی تووشبووانی شێرپەنجەیە؛ پسپۆڕکەی خانمانیش دەڵێت: ''پێویستە هەموو خانمێک دوای تەمەنی 20 ساڵی پشکنینی مەمک بکات، بەمەرجێک بکەوێتە دوای سووڕی مانگانەی، بەڵام لە نێوان تەمەنی 40 ساڵ بۆ 50 ساڵی پشکنینی مەمۆگرام پێویستە، چونکە پشکنینێکی هەستیارە و بەوردی خانە شێرپەنجەییەکانی مەمک دەناسێتەوە.''