لە بەریتانیا دەرمانێكی نوێ بۆ پێشگیریکردن لە پووکانەوەی ئێسک پەسندکرا

رووداو - تەندروستی 

پەیمانگەی تەندروستیی نیشتیمانی لە بەریتانیا رایدەگەیێنێت، لە ماوەی سێ مانگی داهاتوودا دەرمانی ‘Abaloparatide’ کە بە مەبەستی پێشگیریکردن لە پووکانەوەی ئێسک بەکاردێت بەردەستدەبێت.
 
پەیمانگەی تەندروستیی نیشتیمانی لە بەریتانیا ئاماژە بەوەدەکات، توێژینەوەکان سەلماندوویانە کە ئەم دەرمانە سەلامەتە لە بەکارهێنان، بەڕێژەی 8٪ ئێسەکاکان بەهێزدەکات و پێشگیری لە شکانی ئێسک دەکات، بەڵام دەبێت لەژێر چاودێری پزیشکی پسپۆڕدا بەکاربهێندرێت. 
 
کرەیگ جۆنس، بەڕێوەبەری کۆمەڵەی شاهانەی پووکانەوەی ئێسک لە بەریتانیا دەڵێت، ''Abaloparatide هانی دروستبوونی خانەی نوێ لە ئێسکەکان دەدات و بەهێزیان دەکات''.
 
بە گوێرەی مایۆکلینیک، پووکانەوەی ئێسک نەخۆشییەکی ئێسکە بەهۆیەوە چری کانزاکان و پێکهاتەکانی ئێسک گۆرانکارییان بەسەردێت و لاوازدەبن، بەمەش مەترسیی شکان زیاددەبێت، پووکانەوەی ئێسک لە خانمانی سەروو 50 ساڵی باوترە ئەمەش بەهۆی وەستانی سوڕی مانگانە و کەمبوونەوەی هۆرمۆنی ئیسترۆجین کە گرنگە بۆ پاراستنی چڕی و هێزی ئێسک.
 
بەپێی پەیمانگەی تەندروستیی نیشتیمانیی بەریتانیا، نزیکەی 3.8 ملیۆن کەس لە بەریتانیا تووشبووی نەخۆشیی پووکانەوەی ئێسکن.