توێژینەوەیەک: کحول تەمەن کورتدەکاتەوە

رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەک لە لایەن پەیمانگەیەکی کەنەدی کراوە و دەریدەخات، بەکارهێنانی کحول تەمەن کورتدەکاتەوە.
 
پەیمانگەی توێژینەوەی مادەهۆشبەرەکان لە کەنەدا رایدەگەیەنێت، خواردنەوەی تەنانەت بڕێکی کەمی خواردنەوە کحولییەکان لە رۆژێکدا تەمەن بە شێوەیەکی بەرچاو کورتدەکاتەوە.
 
توێژینەوەکەی ئەو پەیمانگەیە جەخت لەوە دەکاتەوە، هیچ بڕێکی کحول سەلامەت نییە و خواردنەوە کحولییەکان مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە، نەخۆشییەکانی دڵ، جەڵتەی مێشک و نەخۆشییەکانی جگەر زیاددەکەن.
 
دکتۆر تیم ستۆکوێڵ، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، ''ئەنجامی توێژینەوەکەمان دەرخەری ئەو راستییەیە کە خواردنەوەی کحول بە هەموو شێوەیەک زیانی زۆری بۆ تەندروستیی مرۆڤ هەیە و ئەو بیر و باوەڕانە راستنین کە ئاماژە بەوە دوکەن برێکی کەمی کحول سوودی هەبێت''. 
 
بە گوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ساڵانە لە ئەمریکا نزیکەی 75 هەزار ئالوودەبووی کحول تووشی شێرپەنجە دەبن و زیاتر لە 20 هەزار کەس بەهۆیەوە گیانلەدەست دەدەن.